جیهان

ئەمریکا بڕیاری کۆتایی لەبارەی هێرش بۆسەر ئێران و دانوستانەکە دەدات

نها نیوز- هەواڵەکان

جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە نوێترین پەیامیدا بۆ ئێران دوای هێرشەکردنە سەر تاران باس لەوە دەکات، واشنتۆن نایەوێت دەسەڵاتی ئێستای ئێران بگۆڕێت، ئێمە ئامانجمان ئەوەیە باس لەڕێککەتنێکی درێژخایەن بکەین لەگەڵ تاران.

ئەمڕۆ یەکشەممە، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا، لەبارەی ئامانجی وڵاتەکەی لەهێرشکردنە سەر تاران وتی: "ئەمریكا نایەوێت دەسەڵاتی ئێستای ئێران بگۆڕێت، لەوەش ناترسێت ئەمە ببێت بە ململانێیەكی درێژخایەن".

جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختیشیکردەوە، واشنتۆن دەیەوێت لەگەڵ تاران باس لەرێککەوتنێکی درێژخایەن بکەن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشاندا بۆ هەر ئەگەرێکی کاردانەوەی تۆڵەکردنەوە لەلایەن ئێرانەوە.

جەی دی ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد: " ئەمریكا لە ئێستادا لە حاڵەتی جەنگدا نییە لەگەڵ ئێران، بەڵكو لە جەنگدایە لەگەڵ بەرنامە ئەتۆمییەكەی".

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی وت: "كار دەكەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بەشێوەیەكی هەمیشەیی لە چەند ساڵی ئایندەدا".

دڵنیاشی دا لەوەی ئەمریکا پەیامی ناڕاستەوخۆی ئێرانی پێگەیشتووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کاردانەوەی بەرپرسانی ئێران دوای هێرشەکە کە ئەمریکایان تۆمەتبار کردووە بە پێشێلکردنی یاسا نێودەولەتییەکان و دەستدرێژیکردنە سەر خاک و بەرنامە ئەتۆمییەکەیان لەکاتێکدا ئەوان بە مەبەستیی ئاشتیی بەکاریدەهێنن.
2025-06-22
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.