جیهان

عێراقچی: ئێران چۆن دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزێکی گفتوگۆ کە تێکدراوە

نهانیوز-هەواڵەکان

یەکشەممە، 22-06-2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیستانبوڵ، بە توندی سەرکۆنەی هێرشی ئەمەریکای بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کرد و دووپاتی کردەوە، ئەمەریکا بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانی هێرشەکە لە ئەستۆ دەگرێت. 

وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکان بکات. باسی لەوەش کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خیانەتی لە دیپلۆماسییەت، دەنگدەر و لایەنگرانی کرد، چونکە هێرشەکان لە کاتێکدا کران کە ئێران لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەورووپییەکان، لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەردەوام بوو. 

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، بە گوێرەی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران مافی وەڵامدانەوەی هەیە و چەند بژاردەیەکیشیان بۆ ئەو مەبەستە لەبەردەستدایە. گوتیشی: "ئەمەریکا و ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان هێڵی سووری گەورەیان بەزاند و نازانم لە داهاتوودا چ ڕێگایەک دەمێنێتەوە بۆ دانوستان."

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند" ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵەکانی دیپلۆماسییان لەباربردووە و پرسیار دەکات، ئێران چۆن دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزێکی گفتوگۆ کە تێکدراوە.''


2025-06-22
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.