سوپای پاسداران: شەڕی ئێمە ئێستا دەست پێدەکات
نهانیوا-هەواڵەکان
سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگەی پلاتفۆڕمی ئێکسی خۆی ڕایگەیاند" شەڕی ئێمە ئێستا دەست پێ دەکات. ئەوەش دوای بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە".
شەپۆلی بیستەمی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی ڕاستگۆ 3" بە تاکتیکی نوێ ئەنجامدراوە، بە بەکارهێنانی تێکەڵەیەک لە موشەکی بالیستی دوور مەودا، کە بە سوتەمەنی شل و ڕەق کاردەکەن، لەگەڵ كڵاوەی جەنگی وێرانکەر كە توانای پێشکەوتوو هەیە لە تێپەڕاندنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی دوژمن.
وتەبێژی ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاندووە، ئەو شوێنانەی بەیانی ئەمڕۆ كراونەتە ئامانج ئەمانە بوون:
⦁ فڕۆکەخانەی بن گوریۆن
⦁ ناوەندی توێژینەوەی بایۆلۆجی قەوارەی زایۆنی
⦁ بنکەكانی پاڵپشتی و ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی دوژمن لە ئاستە جیاجیاکان.
هاوکات لای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێرشەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریكا بۆ سەر ئێران بەبێ سزا تێناپەڕێت و ئێران مافی خۆیەتی وەڵام بداتەوە.
کاتژمێر 2:50 خولەکی بەرەبەیان دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران.
دوای هێرشەکان، ترەمپ رایگەیاند، فۆردۆ کۆتاییهاتووە.
خزمەتگوزاری فریاکەوتنی پزیشکی ئیسرائیل رایگەیاند: تیمەکانیان گەیشتوونەتە (10) ناوچە، كە بەهۆی هێرشی ئێرانەوە زیانیان پێگەیشتووەو (27) کەس بریندار بوون.
بەگوێرەی میدیا عەرەبییەکان، موشەکەکان ناوچەكانی تەلئەبیب و حەیفایان کردووەتە ئامانج .
|