گومەزی ئاسنینی ئیسرائیل بە شیوەیەکی بەرچاو لاواز بووە
نهانیوز-هەواڵەکان
ئیسرائیل تووشی گرفتێکی گەورە بووەتەوە و توانای بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگری وڵاتەكەوە كەمیكردووە، بەجۆرێك لە 24 سەعاتی رابردوودا توانیویەتی بەرپەرچی تەنها لەسەدا 65ی هێرشەكان بداتەوە.
لێپرسراوێكی باڵای پێشووی هەواڵگری ئیسرائیل ، بۆ تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی ئەمریكی ئاشكراكردووە، گومەزی ئاسنینی ئیسرائیل كە مەبەست لێی سیستمی بەرگری وڵاتەكەیە، لە 24 سەعاتدا تەنها توانیویەتی لەسەدا 65ی ئەو مووشەك و فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە تێكبشكێنێت كە لە ئێرانەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل دەكرێن، ئەوەش واتای ئەوە دەگەیەنێت سیستمەكە بەشێوەیەكی بەرچاو لاواز بووە، چونكە لە رابردوو توانای بەرپەرچدانەوەی لەسەدا 90 بووە.
لێپرسراوەكە رونیشیكردۆتەوە، ئێران هێشتا مووشەكی پیشكەوتووی هەیە و سوودیشیان لێ دەبینێت، دەشڵێت، هۆكاری كەمبوونەوەی توانای وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ بەكارهێنانی موشەكی خێراتر لەلایەن ئێرانەوە، كە ئەوەش كاتی كەمتر دەهیڵێتەوە بۆ بەرپەرچدانەوەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە.
پێشتریش ڕۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵى ئەمریکاى لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە رایگەیاندبوو، واشنتۆن ئاگاداری کێشەکانە و توانا بەرگرییەکانى ئیسرائیل بە سیستەمەکانی سەر زەوی و دەریا و ئاسمان زیاد دەکات.
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە بەرەبەیانیی 13ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە.
|