وەزیری دەرەوەی ئێران: داوای دان بەخۆداگرتن، بێ مانایە
نهانیوز-هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاگەیاند"ئێران دەستی بە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کورە ئەتۆمییەکان و دامەزراوە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کردووە".
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دەیڤید لامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند"داوای دان بەخۆ داگرتن لەم کاتەدا بێ مانایە".
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی" ئێران دەستی بە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کورە ئەتۆمییەکان و دامەزراوە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کردووە".
رۆژی هەینیگرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجی لەنێو خاکی ئێراندا.
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون و 320ی دیکە بریندار بوون.
لەبەرانبەریشدا ئێران هێرشێکی بەربڵاوی بە مووشەک و دڕۆن بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا و بە پێی زانیارییەکان نزیکەی 50 بریندار و کوژراوێکی لێکەوتەوە.
|