جیهان

ئێران زەنگی مەترسی لێداو ئیسرائیل کەوتە جوڵە

نها نیوز- هەواڵەکان

بەرپرسانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن، ئیسڕائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، تۆڕی هەواڵی (سی بی ئێس نیوز) لە چەند بەرپرسێکی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی ئەمریکا زانیارییان پێ گەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەکەن، ئیسرائیل لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران.

دەربارەی ئەم پرسە، بەرپرسانی ئیسرائیل و وتەبێژی کۆشکی سپی ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک بدەن بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان.

هەر بەپێی (ئێن بی سی نیوز)، ئەگەری هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە چەند رۆژی داهاتوو دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەشێوەیەكی بەردەوام گومانی خۆی لەبارەی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەردەبڕێت و نوسینگەکەشی دەڵێت: "ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی بێشوماری ئاشکرا و شاراوەی ئەنجامداوە، بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران".

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان پێشووتر ئاماژەیان بە ویستی ئیسرائیل کردووە بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، تەنانەت لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکاش داوایان لێکردووە ئەو کارە نەکات، بەهۆی بەردەوامی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.

2025-06-12
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.