جیهان

ئەمرۆ بریاری گرنگ و چارەنووسساز سەبارەت بە ئێران دەدرێت

نهانیوز-هەواڵەکان

بریارە لەماوەی 24 سەعاتی داهاتوو دا ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپیی، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بە پشتبەستن بە راپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سزای قورس بەسەر ئێران دا بسەپێنن.

لە نوێترین پێشهات دا بریارە ئەمرۆ ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، دەنگ لە سەرئەو بریارنامەیە بدات، کە ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپیی فەرەنسا، بەریتانیا وئەڵمانیا دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران  پێشکەشیان کردوە وبریارە ئەمرۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەدا بخرێتە دەنگدانەوە. 

لە رەشنووسی بریارەکە داهاتووە، خاڵی سەرەکیی، گەڕاندنەوەی سزا قورسەکانە بۆ سەر تاران، ئەویش بەهۆی پابەندنەبوون بە هاوکاریکردنی تەواو'' لەگەڵ ئاژانسەکە.

وڵاتانی رۆژئاوایی، بەتایبەتی ئەمریکا، لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نیگەرانن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بەردەوام لە ئەگەری سنووردارنەکردنی پرۆگرامەکە، هەڕەشەی بۆردوومانکردن لە ئێران دەکات.

لای خۆیەوە،عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتى، سەرۆک ترەمپ کاتێک هاتە کۆشکی سپی رایگەیاند، ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت، ئەوانیش دەڵێن ئەو قسەیە تەواو لەگەڵ بیروڕایان یەکدەگرێتەوە.

دەشڵێت، دەتوانن لەگەڵ واشنتن رێککەوتنێک بکەن کە لە بەرژەوەندیی هەردوولا بێت و بەردەوام پیتاندنی یۆرانیۆمیش لەژێر چاودێریی تەواوی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بێت.

ئەمریکا لە ئەگەری سنووردارنەکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بەردەوام هەڕەشەی بۆردوومان لە وڵاتەکە دەکات، وه‌زیری به‌رگری ئێرانیش، وه‌ڵامی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مریكای دایه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر دانوستانه‌كان شكستیان هێنا، هه‌نگاوی سه‌ربازی ده‌گرنه‌به‌ر.

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوەرایگەیاند،  بە پشتبەستن بە شیکارییەکانمان بۆ دۆخی ئەمنی، بڕیارمانداوە ژمارەی کارمەندانمان لە باڵیۆزخانەکەمان لە بەغداد کەمبکەینەوە. 
 
ئەو بەرپرسە وتوشیەتی: پنتاگۆن لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ پاڵپشتیكردنی هەرچەشنە ئەگەرێكی گواستنەوەی کارمەندانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەكەى لە بەغداد.

ئەم بارگرژییە لە کاتێکدایە، تاران و واشنتن ، پێنج خۆلی دانۆستانیان بەرێکردوە و بە پێی لێدوانی ئێران بریارە یەکشەممە لە عوممان، خۆلی شەشەمی دانۆستانەکان بەرێوە بچێت، بۆئەوەی رێککەوتنێکی نوێ تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران واژۆ بکەن.

 

 
2025-06-12
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.