تاران دەڵێت "زەبرێکی وا لە ئەمریکا دەدەین ناوچەکە جێبهێڵت"
نهانیوز-هەواڵەکان
وەزیری بەرگریی ئێران وەڵامی هەرەشەکانی بەرپرسانی ئەمریکا دەداتەوە و دەڵێت "ئەگەر شەڕ بەسەرماندا بسەپێندرێت ئێمە ئامادەین وەڵامی بدەینەوە، ئەگەر شتێكی لەوەشێوەیە ڕووبدات، هەموو بنكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە دەكەینە ئامانج.
عەزیزنەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران دوای كۆبوونەوەی حكومەتی وڵاتەكەی سەبارەت بە هەڕەشەكانی ئەمریكا لەبارەی هێرشكردنە سەر ئێران، ڕایگەیاند، هەندێك لە بەرپرسانی ئەمریكا هەڕەشەیان كردووە، كە ئەگەر دانوستانەكان شكستیان هێنا، ئەوا پەنا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەبەن.
دەشڵێت: ئەگەر شەڕ بەسەرماندا بسەپێندرێت ئێمە ئامادەین وەڵامی بدەینەوە، ئەگەر شتێكی لەوەشێوەیە ڕووبدات، هەموو بنكەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە دەكەینە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشكرد: وڵاتەكەمان بە توندی هەر باسێك لەسەر سنوورداركردن بەسەر توانا سەربازییەكانیدا ڕەتدەكاتەوە، ئێمە هیچ سنوورداركردنێكی سەربازی قبوڵ ناكەین و هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە دانوستان لەسەر ئەم بابەتە بكات.
وتیشی: ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بە زۆر بەسەرماندا بسەپێندرێت، ئەوا لایەنی بەرانبەر زیانێكی زۆریان بەردەكەوێت و ئەمریكاش ناچار دەبێت ناوچەكە بەجێبهێڵێت.
تا ئێستا پێنج خولی دانوستانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەڕێوەچووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێكی فەرمی نەكراوە، واشنتۆن داوا دەكات تاران پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت، لە بەرامبەریشدا تاران دەڵێت بەردەوام دەبن لە پیتاندنی یۆرانیۆم.
|