نها نیوز – هەواڵەکان
بۆ چوارەم رۆژ لەسەر یەك، خۆپیشاندانەكان دژی سیاسەتی كۆچ لە لۆس ئەنجلس بەردەوامە و تەكساسیشی گرتەوە ترەمپیش نزیکەی دوو هەزار هێزی رەوانەی ناوچەکە کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە خۆپیشاندانەكان هەردوو شاری دالاس و ئۆستنی لە ویلایەتی تەكساس گرتەوە، بەڵام هێزەكانی پۆلیس توانیویانە خۆپیشاندان لە ناوەندەكانی كۆچبەرانی نایاسایی دوور بخەنەوە.
لێپرسراوانی ئەمریكیش جەختیان كردووەتەوە لەوەی، نزیكەی 700 ئەندامی هێزی دەریایی لە لۆس ئەنجلس بڵاوكراونەتەوە، كە گەورەترین شاری ویلایەتی كالیفۆرنیایە.
ناردنی ئەو هێزانە دوای ئەوە هات كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا فەرمانی دەركرد بە رەوانەكردنی دوو هەزار هێزی پاسەوانی نیشتمانی بۆ ئەو شارە، بۆ روبەڕوبوونەوەی خۆپیشاندەران و چەسپاندنی یاسا و ئارامی.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی دەرکردوە بە ناردنی دوو هەزار سەربازی دیکەی پاسەوانی نیشتمانی بۆ لۆس ئەنجلۆس بۆ بەرپەرچدانەوەی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئەو شارە لە دژی ڕێوشوێنەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەری نایاسایی.
ماوەى 4ڕۆژە لە شاری لۆس ئەنجلسی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا، خۆپێشاندەران لەگەڵ پۆلیس و پاسەوانی نیشتمانیی وڵاتەکە لە پێکدادانن. هەموو کێشەکەش لەسەر سیاسەتی ئیدارەی ترەمپە بەرامبەر کۆچبەران و پەناخوازانی وڵاتەکە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا "یاخیبووان"ی بە دروستکردنی پشێوی لە لۆس ئەنجلس تۆمەتبار کرد، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپێشاندانەکانی دژی هەڵمەتەکانی کۆچبەران نارد.