ئێران و ترەمپ کەللە رەقییان گەیشتە لوتکە
نها نیوز- هەواڵەکان
ئێران و ئەمریکا لەسەر وادەی خولی داهاتووی دانوستانەکانی نێوانیان ناکۆکن و دوو وادەی جیاوازیان ڕاگەیاندووە، بەجۆرێک ئێران ڕایگەیاندووە خولی نوێی دانوستانەکانیان ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەبێت، بەڵام دۆناڵد تڕەمپ ڕایگەیاند:" ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوە دەچێت".
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویكردەوە، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو خولێكی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوە بچێت، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ئەمریكا ئەمریکا وتبووی ڕۆژی پێنج شەممە وادەی دانوستانەکانی وڵاتەکەی دەبێت لەگەڵ ئێران.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو خولی داهاتووی دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا لە شاری مەسقەتی پایتەختی عوممان بەڕێوە بچێت".
ئاماژەی بەوەشکرد: "عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی دانوستانکاری ئێران، ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە گەشت بۆ نەرویج دەکات".
پێشتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە: "تاران بەم نزیکانە لە رێی عومانەوە پێشنیازێک دەخاتە بەردەم لایەنی ئەمریکی و دەبێت ئەمریکا ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە".
ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ی ئێران لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە، ئێران لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وەڵامی فەرمی خۆی بۆ پێشنیازی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەخاتە ڕوو، وەڵامەکە بە نوسراو دەبێت و لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە دەگەیەنرێت.
ئاژانسەکە ڕوونیشیکردەوەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئێران لە وەڵامەکەیدا پێشنیازێکی جێگرەوە بۆ ڕێککەوتنەکە بخاتەڕوو کە بریتییە لە پاراستنی بنەمای پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکی ئێران، لەگەڵ گرتنبەری هەنگاوی پێویست بۆ ڕەواندنەوەی مەترسی و بانگەشەکانی ئەمریکا، لە بەرامبەر هەڵگرتنی چالاكانەی سزاکان.
|