جیهان

ترەمپ بڕیاری کۆتایی دەدات

نها نیوز- هەواڵەکان

ئه‌مریكا زانیارییه‌كى گرنگ له‌باره‌ى دانوستانه‌كانى تایبه‌ت به‌غه‌ززه‌ ئاشكرا  و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "ئێران بەشداریی لەدانوستانەکانی غەززە دەکات"، دوو بەرپرسی ئەمریکا و سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگاداریش لەو بابەتە زانیاریى زیاتریان ئاشكراكردووه".

‌ئەمڕۆ سێشەممە، لەو بارەیەوە پێگەی ئاکسیۆس ئاشكرایكردووه‌، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و تەواوی تیمی سیاسەتی دەرەوەی، لەکامپ دەیڤد، بۆ چەند کاتژمێرێک کۆبوونەوەو ستراتیژی ئەمریکا سەبارەت بەقەیرانی ئەتۆمی ئێران‌ و شەڕی غەززەیان تاوتوێکرد.

پێگەکە،‌ له‌زارى به‌رپرسێكى باڵاى ئه‌مریكاوه‌ زانیاریی زیاتر دەخاتەڕوو و باس لەوە دەکات، ترەمپ هەردوو قەیرانەکە (پرسی ئەتۆمی ئێران‌ و شەڕی غەززە) بە یەک كێشه‌ دەزانێت‌ و هەوڵی پلان ‌و داڕشتنێكى نوێ دەدات.

بەرپرسه‌ ئەمریکیه‌كه‌ ئەوەشی ڕایگەیاندووه‌: "هەوڵەکان بۆ ڕازیکردنی حەمماس بۆ نەرمکردنی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەپێشنیازی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتن لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەندێک پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش بەهۆی فشارەکانی ناوبژیوانانی قەتەر، ئێمە چاوەڕوانی پێشکەوتن لەم هەفتەیەدا ناکەین، بەڵام بەدڵنیاییەوە پێشکەوتن هەیەو لەڕێککەوتنەوە نزیکتر بووین".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌شەوە به‌پێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ترەمپ دوێنێ دووشەممە لەکۆشکی سپی بەڕۆژنامەنووسانی وتوه‌: "ئێران بەشداریی لەدانوستانەکاندا دەکات، ئامانجیش لێی ڕێکخستنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل‌ و حەمماسە لەغەززە لەبەرامبەر ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لەلایەن بزوتنەوەکە لەناو کەرتی غەززە دەستیان بەسەرداگرتووە و تائێستا ئازاد نه‌كراون".

وه‌كو وتوشیه‌تى: "ئێستا غەززە لەناوەڕاستی دانوستانێکی گەورەی نێوان ئێمە و حەماس ‌و ئیسرائیلدایە و ئێرانیش لەئێستاوە بەشدارەو بزانین ئێران چیمان بۆ دەکات لەغەززە، ئێمە دەمانەوێت بارمتەکان بگەڕێنەوە".

میدیاى ئیسرائیلى بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، پێشبینیدەکرێت لەچەند ڕۆژی داهاتوودا حەمماس وەڵامی ئەو پێشنیازە بداتەوە کە لەلایەن ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکاوە پێشکەشکراوە، ئەمەش بەهۆی ناوبژیوانی قەتەر کە باوەڕیان بەوە هەیە فشارخستنەسەر بزوتنەوەکە دەتوانێت ببێتە هۆی پێشکەوتن لەوەستاندنی شەڕی غەززە.

له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ بەرپرسانی قەتەر گەشبینی خۆیان دەربڕیوه‌ کە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو دەبێت‌و دەتوانرێت پێشکەوتن لەدانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی غەززە بەدەستبهێنرێت.

پێشنیازەکەی ویتکۆف، داوای ئاگربەستی 60 ڕۆژە ده‌كات له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕی 28 کەس لەکۆی 56 بارمتە کە هێشتا لەغەززە بەزیاتر لە 1200 زیندانی‌و دەستبەسەرکراوی فەڵەستینی بگۆڕدرێتەوە، هاوکات لەگەڵ چوونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.
2025-06-10
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.