جیهان

تاران و واشنتن بۆ دانوستان دوو کاتی جیاوازیان راگەیاند

نها نیوز – هەواڵەکان

ترەمپ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ناتانیاهۆ سەبارەت بە ئێران ڕایگەیاند، خولی داهاتووی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە بەڕێوە دەچێت،  ئێرانیش دەڵێت "خولی دانوستانەکان بۆ ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە شاری مەسقەت پلانی بۆ دانراوە".

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای  پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە گەڵ بەنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکی ئیسراییل بەڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە خولێكی دیكەی دانوستانەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی بە نێوەندگیری عوممان ئەنجامدەدەرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەردەوام دەبن لە دانوستانەکان بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەوان دانوستانکاری باشن، بەڵام توندوتیژن، کێشەکە ئەوەیە ، بۆیە هەوڵدەدەین ڕێككەوتنێك بکەین بۆ ئەوەی هیچ وێرانکاری و مردنێک ڕونەدات.

ترەمپ، ڕاشیگەیاند، تاران ئامادە نییە  مامەڵە بکات و بەدیلی ڕێککەوتنەکە زۆر ترسناکە، ئێمە ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ئێران قسە دەکەین و چاوەڕێی ئەو ڕۆژە دەکەین.

هاوکات ڕۆژی دووشەممە ٩ی حوزەیران، دوابەدوای قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، بە پشتبەستن بەو ڕاوێژانەی کە ڕوویانداوە، خولی داهاتووی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمریکا بۆ یەکشەممەی داهاتوو لە مەسقەت پلانی بۆ دانراوە.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە: ئێران لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وەڵامی فەرمی خۆی بۆ پێشنیازی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دەخاتە ڕوو، وەڵامەکە بە نوسراو دەبێت و لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە دەگەیەنرێت.

لە هەمان کاتدا باراک ڕاوید، پەیامنێری ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ڕایگەیاندووە، خولی شەشەمی دانوستانە ئەتۆمیەکانی ئێران و ئەمریکا یان ڕۆژی هەینی یان لە ئۆسلۆ یان ڕۆژی یەکشەممە لە شاری مەسقەت بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ترامپ ڕۆژی دووشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەمریکا پێشنیارێکی  گۆنجاوی پێشکەش بە ئێران کردووە و پێویستە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەڵامی بدرێتەوە.

ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەگەری دەرکردنی بڕیارێکی سەرکۆنەکردن لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییەوە دژی ئێران،لە ماوەی 3 رۆژ دا،  بەهۆی پرسیارە بێ وەڵامەکان لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیەوە.

 هاوکات رۆژی دووشەمە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی  ترەمپ و ناتانیاهۆ، کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی لە قۆناغی کۆتاییدایە و هەنگاوەکانی کۆتایی وەک گواستنەوەی تەقەمەنی و پلاندانانی ئۆپەراسیۆن لە ئارادایە.

دوای پێنج  گەڕی گفتوگۆ لەنێوان  تاران و واشنتن  بە نێوەندگیری عوممان  هێشتا چەندین ئاستەنگ ماون، یەکێک لە ئاستەنگەکان ئەوەیە کە واشنتن داوا لە تاران دەکات پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، ئێرانیش ئەوە رەتدەکاتەوە.

تاران داوای لابردنی دەستبەجێی هەموو ئەو سزایانەی ئەمریکا دەکات کە زیانیان بە ئابوورییەکەی گەیاندووە، بەڵام ئەمریکا دەڵێت، سزاکان دەبێت بە قۆناخبەندی هەڵبگیرێن.

 

 
2025-06-10
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.