جیهان

ئێران بە هەزاران تەن کەرەستەی خاو بۆ سووتەمەنی مووشەکی بالیستیک لە چین دەکڕێت

نهانیوز-هەواڵەکان

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگدار لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە تاران لە هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانیدایە وداوای هەزاران تەن کەرەستەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیک لە چینەوە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەو بارانە بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا بگاتە ئێران و پێکهاتەی سەرەکی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ڕەقە بۆ موشەکی بالیستیکی ئێران.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا زیادیکردووە، پێدەچێت بەشێک لەو ماددانە بۆ گروپە میلیشیا هاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بنێردرێت، لەنێویاندا حوسییەکان لە یەمەن.

بە پێی ڕاپۆرتەکە کۆماری ئیسلامی لە هەوڵی بەهێزکردنی هاوپەیمانانی ناوچەیی و ئاوەدانکردنەوەی جبەخانەی مووشەکی خۆی دایە و لە لایەکی دیکەوە تاران بەردەوامە لە فراوانکردنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە پلەی چەک و بە ڕوونی ئەوەی خستۆتە ڕوو کە ئامادە نییە دانوستان لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی بکات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند" لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا گفتوگۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کردووە".

ناوبراو وتی: کات بۆ ئێران تەواو دەبێت تا بڕیار لەسەر چەکی ئەتۆمی بدات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ڕاگەیاندووە کە ئاگاداری ئەو ڕێککەوتنە نین و دەشڵێت" چین هەمیشە بە توندی چاودێری هەناردەکردنی ئەو شتانە دەکات کە بەکارهێنانی سەربازییان هەیە و پابەندە بە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانییەوە”.

کۆماری ئیسلامی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا و ئەو زیانە گەورەیەی کە بە گروپەکانی وەک حیزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس لە غەززە گەیاندووە، هەوڵ دەدات “میحوەری خۆڕاگری” خۆی بنیات بنێتەوە. هەروەها هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەن، گروپەکەی لاواز کردووە، هەرچەندە هەڕەشەکانی دژ بە ئیسرائیل بەردەوامە.

سەرچاوە ئاگادارەکان لەو بابەتە بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان ڕاگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی لەم دواییانەدا مووشەکی بالیستیکی بۆ گروپە شیعەکان لە عێراق گواستووەتەوە کە پێشتر هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. ئەو گواستنەوەیانە پێشتر لەلایەن ڕۆژنامەی تایمزی لەندەنەوە بڵاوکرابوونەوە.

دوابەدوای تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی 2020، میلیشیا شیعەکان لە عێراق لانیکەم 12 مووشەکی بالیستیکیان ئاراستەی بنکەی ئاسمانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە عەین ئەسەد کرد.

کاربەدەستانی ئەمریکا دەڵێن کۆماری ئیسلامی یەکێک لە گەورەترین بەرنامە مووشەکییەکانی ناوچەکەی هەیە. 

سەرەتای ئەمساڵ دوو کەشتی ئێرانی کە لە چین وەستابوون زیاتر لە هەزار "تۆن سۆدیۆم پەرکلۆراتیان"( پێکهاتەی سەرەکی بۆ بەکارهێنانی مووشەک)  بارکردبوو. بەپێی زانیارییەکان، ئەو مادەیە کە لە ناوەڕاستی مانگی شوبات و کۆتاییەکانی مانگی ئازار گەیشتووەتە بەندەرەکانی ئێران، بەس بووە بۆ سووتەمەنی نزیکەی 260 مووشەکی مەودای کورت.

 
22کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.