جیهان

نوعمان کورتولموش بە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەڵبژێردرایەوە

نهانیوز-هەواڵەکان

نوعمان کورتولموش لە كۆی (٥٢٩) دەنگ (٣٢٩) دەنگی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەڵبژێردرایەوە

نوعمان کورتولموش، پەرلەمانتاری پارتی دادو گەشەپێدان، لە گەڕی سێیەمی دەنگدانی لیژنەی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا، بە دەنگی ٣٢٩ پەرلەمانتار، جارێکی دیکە بوویەوە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا. 

لە  دەنگدانەکە دا هەریەک لە نوعمان کورتولموش، پەرلەمانتاری ئاکەپە لە ئەستەنبوڵ ٣٢٩ دەنگ، ئوگور بایراکتوتان، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئارتڤین ١١٨ دەنگ، عوسمان جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد ١٨ دەنگ، مستەفا جیهان پەرلەمانتاری ئیی پارتی لە ئەستەنبوڵ ٢٦ دەنگ، محەمەد کارامان پەرلەمانتاری پارتی یەنی یۆل لە سامسون ٢٦ دەنگیان بەدەستهێنا، هەروەها دەنگێک بێ دیارییکردنی هیچ کاندێک درا و ١١ دەنگیش پووچەڵ کرایەوە.

کورتولموش، دوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی پەرلەمان وتی  "بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر بە نەوەکانی داهاتوو ئەوەیە، کە سەدەی دووەمی کۆمارەکەمان بە دەستورێکی بنەڕەتی مەدەنی و دیموکراسی و هەمەلایەنە سەربخەین".
وتیشی "پێکەوە بیر لە پرسی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەکەینەوە، کە لەم ماوەیەدا وەک دەرفەتێکی مێژوویی هاتووەتە پێش و بەپەلەترین بابەتی تورکیایە، دەبێت هەموومان بیری لێبکەینەوە و چارەسەری بکەین".

رۆژی 7ـی حوزەیرانی 2023 بە ئامادەبوونی 582 پەرلەمانتاری سەرجەم فراکسیۆنەکان، پرۆسەی دەنگدانی نهێنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی 28ـەمین خولی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو و نوعمان کورتولمووش بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

 
2025-06-04
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.