خامنەیی : وەڵامی ئێمە روونە، ئەمریکا ناتوانێت هیچ شەکرێک بشکێنێت
نهانیوز-هەواڵەکان
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامێکدا کە بۆ واشنتۆنی نارد ، وتی" هەزاران زانا و پسپۆریان لەبواری ئەتۆمدا هەیە و دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابن و ئەمریکا لەمبارەوە" ناتوانێت هیچ شەکرێک بشکێنێت" .
عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی لە وتارێکدا لە ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە " یەکەم کارە لە پێشینەی ئەمریکا ئەوەیە کە ئێران پیشەسازی ئەتۆمی نەبێت" و دەشڵێت" وەڵامی ئێمە بۆ قسە بێماناکانی ئەمریکا ڕوونە، ئەوان ناتوانن لەم بابەتەدا هیچ شەکرێک بشکێنن ".
خامنەیی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا زیادی کرد: دوژمنانمان پەنجەیان خستۆتە سەر پیتاندنی یۆرانیۆم، و ئاماژەی بەوەشکرد، پیتاندنی ئێران هیچ پەیوەندییەکی بە ئەمریکاوە نییە و بۆچی ئەم وڵاتە دەستوەردان دەکات؟
ناوبراو جەختی لە زیادبوونی هێزی بەرگری و نیزامی کۆماری ئیسلامی کرد و وتی" لە ئێستاوە تا دەتوانین دەسەڵاتی هەمەلایەنەی نەتەوەیی خۆمان زیاد دەکەین، ئیمام فێری کردین کە دەبێت هێزی بەرگریمان زیاد بکەین".
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی پێشتر سەبارەت بە دانوستانە بەردەوامەکان لەگەڵ ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە "پێموانییە ئەو دانوستانانە بە ئەنجام بگات."
پێشتر کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، پێشکەشکردنی پێشنیارێکی " ورد و قبوڵکراو"ی بۆ کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند و هۆشداریدا لەوەیدا کە ئەگەر تاران ئەو پێشنیارە ڕەت بکاتەوە، حکومەتی ئێران ڕووبەڕووی لێکەوتەی جددی دەبێتەوە.
|