نهانیوز-هەواڵەکان
ئەمەریکا و سێ وڵاتی ئەورووپی هەڕەشەی گەڕاندنەوەی سەرجەم گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سەر ئێران دەکەن، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت" گەڕاندنەوەی سزاکان، سیاسەتێکی هەڵەیە"
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی حوزەیران عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "سەبارەت بە گەڕاندنەوە و سەپاندەوەی سزاکان، هیوادارم وڵاتانی ئەورووپایی هەڵەیەکی وا نەکەن، لەبەر ئەوەی ئەوە سیاسەتێکی هەڵەیە و تەنیا قەیرانێکی زیاتر دەخاتە سەر قەیرانەکانی ئێستامان."
دوو ڕۆژ پێشتر، ئاژانسی ڕۆیتەرز ناوەرۆکی نوێترین ڕاپۆرتی سکرتێریی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی بڵاو کردەوە کە بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی ئاژانس ئامادە کراوە و تێیدا هۆشداری دراوە لەوەی ئێران لە پەرەپێدانی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئاستێک، کە نزیکە لە ئاستی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بەردەوامە و پاشەکەوتی یۆرانیۆمی خۆی گەیاندووەتە زیاتر لە 480 کیلۆگرام. بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: ڕافایل گرۆسی، لە ژێر گوشاری سێ وڵاتە ئەورووپییەکەدا ئەم ڕاپۆرتەی نووسیوە.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: ئێمە گومانمان نییە ئەم ڕاپۆرتە لە ژێر کاریگەریی و گوشاری هەندێک وڵاتی دیاری ئەوروپایدا نووسراوە. ئاگادارین هەم سکرتێری گشتیی و هەم ئاژانسەکە، بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لەژێر گوشاردا بوون بەڵام ئەمە نابێتە پاساو بۆ ئەوەی ئاژانس، ڕاپۆرتی مەبەستدار و سیاسی لە دژی ئەندامێک ئامادە بکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە میسر بە بەشداریی هاوتا میسرییەکەی لەگەڵ سکرتێری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش کۆ بووەوە. پاش کۆبوونەوەکەش بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، وڵاتەکەی واز لە بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم ناهێنێت و وتی" ئەگەر ئەمەریکا بەمە ڕازی نەبێت هیچ ڕێککەوتنێک نایەتە ئاراوە."
ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا پێنج گەڕی دانوستان لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچوە بەڵام بە هۆی ناکۆکی دوو لایەن وادەیەک تا ئێستا بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی شەشەمی ئەم دانوستانانە ئاشکرانەکراوە.