نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە کرد
نهانیوز-هەواڵەکان
لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوت ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد و یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە سەرو 64 دۆلار.
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ 64 دۆلار و 22 سەنت بەرزبووەوە، لەکاتێکدا ڕۆژی شەممە، بە 62 دۆلار و 78 سەنت بوو.
هاوکات یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساس بۆ 62 دۆلار و 45 سەنت بەرزبووەوە، لەکاتێکدا ڕۆژی شەممە، بە 60 دۆلار و 79 سەنت فرۆشرا.
رۆژی شەممە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بڕیاریدا هاوشێوەی دوو مانگی رابردوو، لە مانگی داهاتووشدا 411 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بخاتەڕوو.
بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس لەنێو بازاڕدا پێشبینیکراو بوو، لەبەرئەوەش خستنەڕووی زیاتری نەوت نەبووە هۆکار بۆ دابەزینی زێڕی رەش.
پێش کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممە، چاوەڕوان دەکرا بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئەندام لەو گرووپە زیاتر لە 411 هەزار بەرمیل نەوت لە مانگی 7 بخەنەڕوو.
هاری چیلینگوریان، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئۆنێکس کاپیتاڵ) رایگەیاند، "ئەگەر ئۆپێک پڵەس زیاتر لە 411 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتری بخستایەتەڕوو، نرخی نەوت ئەمڕۆ بە دابەزینی بەرچاو دەکرایەوە."
|