جیهان

لە راپۆرتێکی دزەپێکراودا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی تاران ئاشکرا کرا

نها نیوز – هەواڵەکان

بەگوێرەی راپۆرتێکی نهێنی ئاژانسی نێو دەوڵەتی وزەی ئەتۆم، تاران تاکە وڵاتی نائەتۆمییە لە جیهاندا کە یۆرانیۆمی لە سەدا٦٠ی پیتاندووە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا کە وێنەیەکی دەست ئاژانسی ئاسۆشێتد پرێس کەوتووە ڕایگەیاندووە،  ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا كۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی  بەرێژەی 60% بەرزکردوتەوە، داواش لە تاران دەکات دەستبەجێ ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت و هاوکاری لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسەکە بکات.

ئەم ئاژانسە کە بنکەکەی لە ڤیەننایە، ڕایگەیاندووە،هەتا 17ی ئایار، ئێران 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی تا 60%ی کۆکردۆتەوە، کە 134 کیلۆگرام واتە نزیکەی 50% زیادیکردووە، بە بەراورد بە ڕاپۆرتێکی پێشووی مانگی شوبات.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، تاران تاکە وڵاتی نائەتۆمییە لە جیهاندا کە یۆرانیۆمی هاتا لەسەدا 60 ی پیتاندووە، لەڕووی تیۆرییەوە نزیكەی (42) كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بەرێژەی 60% بەسە بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمیی.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رەخنەی تووندی لە ئێران گرت لە بەرامبەر وڵامنەدانەوەی پرسیارەکان و نیگەرانی خۆی لە هاوکارینەکردنی تاران دەربریوە.

ئەم ئاژانسە  سوورە لە سەر ئەوەی، ئێران چالاكی شاراوەی ئەتۆمیی هەیەو زیاد لەبڕی پێویست بۆ دروستكردنی بۆمب، یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە

جێگای ئاماژەیە، تا ئێستا پێنج خولی دانووستانی نێوان ئەمریكا و ئێران سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەردوو وڵات لەبارەی پرسی ئەتۆمی بەڕێوەچووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێككەوتنێكی فەرمی لە نێوانیان ئەنجام نەدراوە و بڵاونەكراوەتەوە.

2025-05-31
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.