نهانیوز-هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی ئێران ،ڕەتی دەکاتەوە وڵاتەکەی هەژمۆنی دەرەکی قبووڵ بکات و دەشڵێت" پیتاندنی یۆرانیۆم هێڵی سووری وڵاتەکەمانە".
ئەمڕۆ شەممە 31ی ئایاری 2025 عەباس عراقچی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " ئێران سازش دەربارەی پیتاندنی یۆرانیۆم ناکات، ئەمەش جۆرێکە لە سەپاندنی هەژموون"، ئاماژەی بەوەش دا، "سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەسەر بنەمای ملکەچنەبوونە بۆ هیچ هەژموونێکی دەرەکی".
عێراقچی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم، یەکێکە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی وڵات و پەیوەستە بە هەڵوێستی ئێران لە دژی هەژموونی دەرەکی، باسی لەوەش کرد، هیچ کات قبووڵ ناکەین پێمان بڵێن مافی پیتاندنی یۆرانیۆمتان نییە، ئەمە بە تەواوی قبوڵکراو نییە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕوونیشی کردەوە، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم هەمیشە لە پێشینەی کارەکانی ئێران بووە، چ لە دانوستانەکانی ئێستا و چ لە دانوستانەکانی پێشوودا.
هەروەها عراقچی جەختی لە نەبوونی چەکی ئەتۆمی کردەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا، لایەنی بەرامبەر ئەرکەکانی خۆی بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی جێبەجێ نەکردووە.
عراقچی وتیشی"هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە، تەنها لەبەر ئەوەی هەست بە نیگەرانی دەکات، ڕێگری لە گەلەکەمان بکات مافەکەی بەکاربهێنێت، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دانپێدانراوە".
ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا پینج گەڕی دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە نێوان تاران و واشنتۆن ئەنجامدراوە سەرەرای ئەمەش ئەمریکا داوای کردوە ئێران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بێت بەڵام تاران قبووڵی ناکات و ئەوە بە هێڵی سورری دەزانێت.