هەسەدە و حکومەتی ڕاگوزەری سوریا بۆ چۆڵ کردنی کەمپی هۆڵ ڕێککەوتن
نها نیوز- هەواڵەکان
بەرپرسانی هەسەدە ڕایانگەیاند، لەگەڵ حکوومەتی ڕاگوزەر لە دیمەشق ڕێککەوتوون بۆ چۆڵکردنی کەمپی هۆل، کە دەیان هەزار کەسی تێدایە و پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە.
شێخ موس ئەحمەد، بەرپرسی باڵای هەسەدە ڕایگەیاند: لەسەر میکانیزمێکی هاوبەش ڕێککەوتین بۆ گەڕانەوەی خێزانەکان لە کەمپی هۆل ئەوەش دوای کۆبوونەوەی نێوان دەسەڵاتە خۆجێییەکان و نوێنەرانی حکوومەتی ناوەندیی لە دیمەشق و شاندێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کە شەڕی داعش دەکەن.
لەگەڵ ئەوەش، ئەو بەرپرسە سەربازییەی هەسەدە ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا ئیدارەی کەمپەکە ڕادەستی دیمەشق بکرێت و دەڵێت: لە دیمەشق، هیچ گفتوگۆیەک لەو بارەیەوە لەگەڵ شاندی سەردانکەر یان لەگەڵ حکوومەت لە دیمەشق نەکراوە.
کەمپی هۆل، نزیکەی 37 هەزار کەسی تێدایە، زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعش و لایەنگرانی ئەو گرووپەن، هەروەها کەمپەکە عێراقیەکان و هەروەها هاووڵاتیانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەخۆدەگرن کە پێشتر پەیوەندییان بە ڕێکخراوی داعشەوە کردووە.
ئەم ڕێککەوتنە نوێیەی نێوان هێزە کوردییەکان و حکومەتی نوێێ سوریا لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان دەسەڵاتدارانی کورد و سەرکردایەتیی نوێ لە دیمەشق، دوابەدوای لادانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا.
هەروەها، بەپێی ڕێککەوتنێک لە مانگی ئاداری ڕابردوودا لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری نوێێ سووریا و هێزەکانی هەسەدە، بڕیارە هێزەکانی سووریای دیموکرات بخرێتە ناو هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی نوێی سووریاوە و بڕیارە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ عێراق و تورکیا و فڕۆکەخانەکان و کێڵگە نەوتییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵات بخرێنە ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی ناوەندییەوە.
|