تاران دەنگۆی رێککەوتنی کاتی لە گەڵ واشنتن رەت دەکاتەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە کە باس لە رێککەوتنی کاتی لە گەڵ واشنتن دەکرێت ودەڵیت "ئەودەنگۆیانە لە ئێسرائیلەوە سەرچاوە دەگرن وبێ بنەمان.
ئەمرۆ دووشەممە 26ی ئایاری2025 ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەنگۆی رێککەوتنی کاتی لە گەڵ واشنتن رەت کردەوەو رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە لە ئیسرائیلەوە سەرچاوەیان گرتووە کە ئامانجیان تێکدانی ڕەوتی دیپلۆماسی و تێکدانی ڕێگای لێکگەیشتنە .
وتیشی "قسە کردن لە سەر راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دانوستاندنەکاندا بۆ ئێران هێڵی سوورە، ئێمە بە هیچ جۆرێك بۆمان نییە لەم بابەتەدا بچوكترین نەرمی نیشان بدەین".
بەقایی لە درێژەی قسەکانیدا داوای لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کرد بێلایەنی خوی بپارێزێت و نەکێشرێتە ناو فشارە سیاسییەکانی لایەنی دیاریکراو.
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی دانووستانەکانیش ئاشکرای کرد، هێشتا کاتی گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکان لەگەڵ واشنتن دیاری نەکراوە.
هەتا ئێستا پێنج گەڕی دانوستاندن لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچووە بەڵام لە ئێستادا کێشەی جدی بۆ بەئەنجام گەیشتنی ئەو دانوستانانە دروست کردوە چونکە ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێران مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی نییە و بەپێچەوانەوە ئێران پێداگری لەسەر ئەم مافە دەکات.
|