ئەردۆغان گۆڕانکاری گەورە ئەنجام دەدات
نهانیوز-هەواڵەکان
لە مانگی داهاتوودا سەرۆک کۆماری تورکیا گۆڕانکاریی گەورە لە کابینەکەیدا ئەنجام دەدات بە جۆرێک کە هەشت وەزیر دەگۆڕدرێن و دو وەزارەتی نوێش دادەمەزرێت.
میدیاکانی نزیک لە حکومەتی تورکیا بڵاویان کردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە مانگی داهاتودا، گۆڕانکاری لەناو کابینەی حکومەتەکەی ئەنجام دەدات، هەرچەندە لە مانگی شوباتەوە بڕیاری گۆڕانکاری دراوە.
بە گوێرەی میدیاکان، گۆڕانکارییەکانی کابینەکەی ئەردۆغان لە دوای 3ی حوزەیرانەوە دەست پێدەکات، چونکە وەزیرەکان لەو کاتەوە مافی خانەنشینبونیان دەبێت.
محەمەد عەلی کولات، لێکۆڵەری بیروڕای گشتی ڕایگەیاند: هەشت وەزیر دەگۆڕێن، بەڵام 10 وەزیر دادەمەزرێن، بەهۆی ئەوەی دو وەزارەت جیا دەکرێنەوە، کە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و دارستان و وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار دەبێت.
کولات ئاشکراشی دەکات، موراد کوروم، وەزیری ژینگە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، جەودەت یڵماز، وەزیری داد دڵنیانییان هەیە لە مانەوەیان لە پۆستەکانیاندا.
|