تەندروستی جیهانی چەند رێنماییەکی بۆ خۆپاراستن لە شەپۆلی گەرمای ئەمساڵ راگەیاند
نهنایوز-ەواڵەکان
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت" ساڵانە 489 ملیۆن کەس بەهۆی گەرماوە گیان لەدەست دەدەن"، بۆ ئەم مەبەستەش چەند رێنماییەکی بۆ خۆپاراستن لە شەپۆلی گەرمای ئەمساڵ راگەیاند.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO چەند رێنمایییەکی بۆ خۆپاراستن لە شەپۆلی گەرمای ئەمساڵ راگەیاند و دەڵێت" ساڵانە 489 ملیۆن کەس بەهۆی لێکەوتەکانی گەرما و گەرمابردنەوە گیان لەدەستدەدەن".
بەپێی رێنمایی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ، بەکارهێنانی فێنککەرەوە و سپلیت گرنگە بۆ کەمکردنەوەی پلەی گەرمیی ماڵ و شوێنە داخراوەکان، هەروەها خۆفێنککردنەوە بە ئاو لەکاتی چوونە دەرەوە و کارکردن لە شوێنە کراوەکانیش باس دەکات.
هەروەها هەمیشە جەستە بە ئاوخواردنەوە شێدار بکرێتەوە، یەک پەرداخ لە کاژێرێکدا پێشنیاز دەکات واتا لەنیکەم رۆژانە دوو بۆ سێ لیتر ئاو بخورێتەوە.
رێنماییەکان رێکخراوی تەندروستی جیهانی:
- دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی کحول چونکە دەبێتەهۆی وشکبوونەوەی جەستە و ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی گەرما زیاد دەکات.
- نەخواردنی ژەمی قورس و خۆراکە تیژەکان کە وادەکەن پلەی گەرمیی ناوەکیی زیاد ببێت.
- رۆژانە خۆشووشتن و خۆفێنککردنەوە بە ئاوی شلەتێن و مەیلەو سارد.
- پۆشینی جلوبەرگی قۆڵکورت و تەنک.
- بەکارهێنانی کڵاو و چاویلکەی خۆپارێزی لە تیشکی خۆر.
- نەچوونەدەرەوەی بەساڵاچووان لە رۆژە گەرمەکاندا، چونکە گرووپی هەرە مەترسیدارن بۆ تووشبوون بە جەڵتەی گەرما و گەرمابردن.
|