نیانیوز-هەواڵەکان
بە پێی هەواڵی هەواڵگرێکی ئەمریکا، ئیسرائیل بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەمریکا خۆی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادە دەکات و بەرپرسانی ئەمریکاش مەترسییان لە تەشەنەنەکردنی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.
کەناڵی سی ئین ئێن لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان زانیاری نوێی دەستکەتووە کە ئاماژە دەدەن بەوەی ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادە دەکات، بەڵام تا ئێستا یەکلانەبووەتەوە کە بەرپرسانی ئیسرائیل بڕیاری کۆتاییان لەسەر ئەنجامدانی هێرشەکە داوە یان نا.
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلیشی بە کەناڵەکەی ڕاگەیاندووە کە وڵاتەکەی "ڕێککەوتنێکی خراپ" لەگەڵ ئێراندا قبوڵ ناکات، بۆیە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی بەتەنها گورز لە ئێران بوەشێنێت.
چەند بەپرسێکی ئەمریکیش ڕایانگەیاندووە، وەشاندنی گورزێکی تاکلایەنەی لەوجۆرە دەرچوونێکی ئاشکرایە لە سیاسەتی ترەمپ و پێدەچێت ببێتە هۆی دروستبوونی ململانێیەکی فراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسە ئەمریکییەکان ئاماژەیانداوە بەوەی تا ئێستا بەڵگەیەکی ڕوون نییە لەسەر ئەوەی سەرکردایەتی ئیسرائیل بڕیاری کۆتایی لەسەر هێرشەکە دابێت.