وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری ڕووخانی حکومەتی کاتی سوریا دەدات
نهانیوز-هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت،دۆخی سوریا بە ناسەقامگیری ماوەتەوە و دەكرێت دەسەڵاتی ڕاگوزەری سووریا چەند هەفتەیەك لە ڕووخانەوە دووربێت، دەشڵێت"شەڕی ناوخۆی تەواو بەدوور نابینێت".
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی ئایار ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پیران ڕایگەیاند" هەڵسەنگاندنی ئێمە بەجۆرێكە، ڕەنگە دەسەڵاتی ڕاگوزەری سووریا تەنیا چەند هەفتەیەك لە ڕووخان و شەڕی ناوخۆوە دوورە".
ڕاشیگەیاندووە" دۆخی سووریا ناسەقامگیری ماوەتەوە، هەروەها ئەمریکا ئەگەری کەوتنی حکومەتی کاتی لە سووریا لە چەند هەفتەی داهاتوو و خلیسکانی دۆخەکە بۆ “شەڕی ناوخۆی تەواو” بەدوور نابینێت".
ئاماژەی بەوەشداوە" کێشەکە لە گرووپەكانی دیکەی سەر زەوی سووریایە، کە مەترسی دروست دەکەن، پێویستە نەک تەنها ئەوانە بپارێزین کە دەچنە ناو وڵاتەوە، بەڵکو ئەو کەسانەش بپارێزین کە ڕەنگە ناچار بکرێن بچنە دەرەوە، دەبێت ئامادەبین بۆ چۆڵکردن و پلانمان هەبێت بۆ پاراستن لە هێرشەکان".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە نزیکەی ساڵێک بەسەر دەسەڵاتگرتنی حکومەتی کاتی لە سوریا تێپەردەبێت و تا ئێستا بە هۆی فرەچەشنی ئایینی و نەتەوەیی و لاوازی دەسەڵاتی ناوەندی چەندین کۆمەڵکوژی گەورە لە ولاتەکە ئەنجامدراوە.
|