ڕاگەیەنراوی کۆتایی لوتکەی عەرەبی ئێرانی توڕە کرد
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناڕەزایەتیی توندی بەرانبەر راگەیاندنی کۆتایی لوتکەی عەرەبی دەربڕی کە تێیدا باس لە خاوەندارێتی ئیمارات بەسەر ئەو دورگانەدا کرابو، وەزارەتەکە دوپاتی کردوەتەوە، ئەو دورگانە بەشێکی دانەبڕاوی خاکی ئێرانن.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی کردوەتەوە، ئەو بانگەشەیەی لە ڕاگەیەنراوی کۆتایی لوتکەی عەرەبی بەغدا، سەبارەت بە دورگە کێشە لەسەرەکانی کەنداو، (تونبی گەورە، تونبی بچوک و ئەبو موسا) هاتوە، قبووڵ نەکراوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردوەتەوە، ئەو سێ دورگەیە بەشێکی دانەبڕاون لە خاکی ئێران و دەڵێت: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر بانگەشەیەک بۆ خاوەندارێتی ئەو دورگانە بە پێچەوانەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی سەبارەت بە ڕێزگرتن لە یەکێتیی خاک و سەروەریی وڵاتەکەی لە قەڵەم دەدات.
شەممە 17ی ئایار 34هەمین لوتکەی عەرەبی لە بەغداد بەڕێوەچو و لە بەشێکی ڕاگەیەنراوی کۆتایی لوتکەکە دا جەختی لە خاوەندارێتی ئیمارات بەسەر سێ دورگەی کەنداو کراوەیەوە.
|