کۆمارییەکانی ئەمریکا: نابێت سزاکانی سەر ئێران سووک بکرێت
نهانیوز-هەواڵەکان
کۆمارییەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا گوشار لە دۆناڵد ترەمپ دەکەن، پێویستە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە یەکجاری لەناو ببرێت، دەشڵێن" نابێت ترەمپ بیر لە سووککردنی سزاکانی سەر ئێران بکاتەوە."
ژمارەیەک ئەندامی حزبی کۆماری لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمەریکا، یاداشتێکیان بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەرز کردووەتەوە و تێیدا جەخت دەکەنەوە "ڕێککەوتن بۆ کەمکردنەوەی سزاکان لەسەر ئێران کارێکی هەڵەیە و نابێت بکرێت. نابێت ڕێگەش بدرێت ئێران بە شێوەیەکی ڕێژەیی درێژە بە بەرنامەی ئەتۆمییەکەی بدات، بەڵکوو دەبێت لە ڕیشەوە لەناو ببرێت."
ئەو کۆمارییانە باسیان لەوەش کردووە "هەڵگرتنی سزا لەسەر ئێران بەمانای دابینکردنی پارەیە بۆ گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا، هەربۆیە نابێت ترەمپ بیر لە سووککردنی سزاکانی سەر ئێران بکاتەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا چوار گەڕی دانوستان لە نێوان ئێران و ئەمریکا ئەنجامداروە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە بە فشار یا خود بە دیپلۆماسی ناهێڵێت ئێران ببێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
|