جیهان

خامنەیی رەخنەی تووند لە ترەمپ دەگرێت وبە درۆزن ناوی دەبات

نها نیوز - هەواڵەکان

ڕێبەری باڵای ئێران قسەکانی ئەم دواییانەی ترامپ‌ بە شیاوی وڵامدانەوە نازانێت و دەڵێت  بوونی ترەمپ شەرمەزارییە بۆ گەلی ئەمریکا. 

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بلاوی کردەوە، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەل مامۆستایان ڕایگەیاندووە، هەندێك لە قسەكانی سەرۆكی ئەمریكا لە گەشتەكەیدا بۆ ناوچەكە، هێندە نزمن هەر شیاوی وەڵام دانەوە نین.

خامنەیی ڕاشیگەیاند، "ترەمپ وتی، دەیەوێت هێز بەکار بهێنێت بۆ گەیشتن بە ئاشتی، درۆی کرد، ترەمپ و بەرپرس و حكومەتەكانی ئەمریكا سودیان لە هێز وەرگرتووە بۆ كۆمەڵكوژكردنی غەززە، بۆ هاندانی جەنگ ، هیچکات نەیانویستووە ئاشتی بەرقەرار بکەن.
 
ڕێبەری باڵای ئێران جەختی لەوە کردەوە، بە كوێرایی چاوی دوژمنان، هەموو رۆژێك توانای خۆمان و وڵاتەكەمان زیاتر دەكەین.

لەلایەکیترەوە مەسعود پزیشکیانیش  سەبارەت بە قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا هاتە دەنگ ولە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، "وتەکانی دۆناڵد ترامپ دژ بەیەکن، چونکە لەلایەک باسی ئاشتی دەکات و لەلایەکی دیکەشەوە هەڕەشەی شەڕ دەکات.

قسەکانی خامنەیی و پزشکییان دژ بە ترەمپ لەکاتێکدان، هەتا ئێستا چوار گەڕی دانوستاندن لەنێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بەڕێوەچووە، لە هەوڵێکدا بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە ئێران کرد دانوستان بکات و هەڕەشەی بۆمبارانکردنی کرد لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێکەوتن.

 
2025-05-17
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.