سەرۆکی فەلەستین لە بەغداوە داوای چەک دانانی حەماس دەکات
نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆكی فەلەستین رایدەگەیەنێت، ئەوەی ئێستا لە كەرتی غەززە روودەدات، هەوڵێكە بۆ لەباربردنی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین.
مەحمود عەباس، ئەمرۆ شەممە 17ی ئایاری 2025 لەمیانی وتارێكدا لە كۆبوونەوەی لوتكەی كۆمكاری عەرەبی، كە ئێستا لەشاری بەغدا بەڕێوەدەچێت، هۆشدارییدا لەوەی دۆخی فەلەستین رووبەڕووی هەڕەشەیەكی جددی بووەتەوەو رایگەیاند، ئەوەی ئێستا لە كەرتی غەززە روودەدات، هەوڵێكە بۆ لەباربردنی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین.
سەرۆكی دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین داواشی لە وڵاتانی عەرەبی كرد، پلانێكی یەكگرتووی عەرەبی دابنێن لەپێناو كۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە و پابەندكردنی بزوتنەوەی حەماس و سەرجەم گروپە چەكدارەكانی دیكە بە چەكدانان و رادەستنیان بە دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین.
ململانێی نێوان دەسەڵاتی فەڵەستین بە سەرۆکایەتی مەحمود عەباس و بزوتنەوەی حەماس کە کۆنتڕۆڵی کەرتی غەززەی لە دەستدایە، چەندین ساڵە بەردەوامە، دوای روداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 و هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر هێرشی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو لایەنە زیاتر گرژی تێدا دروست بووە.
|