ئێران هۆشداری ڕاگرتنی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا دەدات
نهانیوز-هەواڵەکان
میدیایەکی عەرەبی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو حکومەتی ئێران ئاشکرای دەکات، بەرۆپرسانی ئێران لە بەردەوامی فشارە ئابوریەکانی دۆناڵد ترەمپ هاوکات لەگەڵ دانوستانەکان تووڕەن و بیر لە راگرتنی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن دەکەنەوە.
ماڵپەری بەغداد ئەلیۆم لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە" سەركردایەتی ئێران بە جددی بیر لە ڕاگرتنی دانوستانە ناڕاستەوخۆكان لەگەڵ ئەمریكا دەكاتەوە كە لە لایەن سوڵتانییەتی عومانەوە نێوەندگیری دەكرێت، بەتایبەتی دوای قسە و لێدوانەكانی ئەم دواییانەی دۆناڵد ترەمپ".
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە کە تاران ناڕازییە لەو كەشوهەوا دژبەیەكەیەی لە دەوری هەڵوێستەكانی ئەم دواییەی واشنتۆن هاتووەتە ئاراوە، چونكە لەلایەك گوشار و سزاكانی ئەمریكا ڕوو لە زیادبوونە، لەلایەكی دیكەوە واشنتۆن باس لە گفتوگۆ و دیپلۆماسی دەكات، كە تاران بە ڕەفتارێكی نادروستی دەزانێت.
سەرچاوەکەی میدیا عەرەبییەکە ئاشکراشی دەکات بژاردەی ئێستا بریتییە لە ڕاگرتنی كاتی پرۆسەی دانوستان تاوەكو مەبەستی ئیدارەی ئەمریكا بە كردەوە ڕوون دەبێتەوە بەو پێیەی دانوستاندنەكان ناتوانن بەپێی سیاسەتی فشار بەردەوام بن.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە تا ێشتا چوار گەڕی دانوستانەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچووە و دوو لایەن ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوانیان بە ئەرێنی و بەرهەمدار وەسف کردوە.
|