جیهان

تاران داوای دەستبەجێ هەڵگرتنی سەرجەم سزا ئابورییەکان دەکات

نها نیوز – هەواڵەکان

ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبه‌ری باڵای ئێران دەڵێت، "وڵاتەکەی ئامادەیە لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆ ئابورییەکان لەگەڵ ئەمەریکا ڕێککەوتن بكات و دەستبەرداری یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ببێت".

عەلی شەمخانی ، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبه‌ری باڵای ئێران  لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز ڕایگەیاند،  ئێران پابەند دەبێت کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی دروست نەکات، کۆگاکردنی یۆرانیۆم بە رێژەی زۆر پیتێنراو کە دەتوانێت ببێتە چەکی ئەتۆمی، نەهێڵێت، یۆرانیۆم تەنیا تاوەکو ئاستە نزمەکانی پێویست بۆ بەکارهێنانی مەدەنی بپیتێنێت، هەروەها رێگە بە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان دەدات کە چاودێریی پرۆسەکە بکەن، لە بەرامبەر هەڵگرتنی دەستبەجێی سەرجەم سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران.

هەروەها وتیشی ،" ئێران پابەند دەبێت به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم و ڕازی دەبێت پیتاندنی یۆرانیۆم تەنها بە کەمترین ئاستی پێویست بۆ بەکارهێنانی مەدەنی بێت و ڕێگەش بە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان دەدات چاودێری پڕۆسەکە بکەن.

لێدوانی شەمخانی دوای ئەوە هات کە رۆژی سێشەممە دۆناڵد ترەمپ لە وتارەکەیدا لە کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعودیە و ئەمریکا لە ریاز وتی، "لە کاتێکدا ئێوە بیابانە وشکەکانتان کردووە بە خاکی بەپیت، سەرکردەکانی ئێران زەوییە سەوز و کشتوکاڵییەکانیان کردووەتە بیابانی وشک، چونکە گەندەڵن".

سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، هەروەها  تاران چەندین جار ڕایگەیاندووە کە هیچ نیازێکی ئەو کارەیان نییە،  بەڵام بەپێی ئاماری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، کۆماری ئیسلامی ئێران ئێستا خاوەنی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەیە کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی شەش بۆمبی ئەتۆمی.

ئیدارەی ترەمپ چوار خولی دانوستانی لەگەڵ تاران کردووە لە هەوڵێکدا بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی. سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە ئێران کرد دانوستان بکات و هەڕەشەی بۆمبارانکردنی کرد لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێکەوتن. 

19کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.