ئیسرائیل خۆی بۆ شەڕی قورس ئامادە دەکات
نها نیوز – هەواڵەکان
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، دانوستاندن لەسەر هەر رێککەوتنێک بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان، جەنگ لە غەزە راناگرێت ، ئیسرائیل خۆی بۆ شەڕی قورستر ئامادە دەکات.
شەوی یەکشەممە 11ی ئایاری 2025 بزووتنەوەی حەماس، دوای ماوەیەکی کەم لە ڕاگەیاندنی وتووێژی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی بزووتنەوەی حەماس لەگەڵ ئەمەریکا لە دۆحە، سەبارەت بە ئاگربەست و چوونە ژوورەوەی یارمەتییەکان بۆ ناو غەززە ، ئەلکساندەر عیدان سەربازێکی ئیسرائیلی-ئەمەریکی ئازاد کرد.
دوای رێکەوتنەکە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە عیدان ئەلێکساندەر لەلایەن حەماسەوە، هیچ بەندکراوێکی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئازاد ناکات و شەڕیش لە غەززە ناوەستێنێت.
ئەم وتانەی نەتەنیاهۆ دوای ئەوە هات، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری حەماس لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، عیدان ئەلێکساندەر، سەربازی ئیسرائیلیی - ئەمریکی ئازاد دەکرێت، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئاگربەست، کردنەوەی دەروازەکان و رۆیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ نێو کەرتی غەززە.
شەوی رابردوو، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بە قورسی بەردەوام بوو، بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، لانیکەم 15 کەس بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە بۆسەر قوتابخانەیەک کە ئاوارەکانی تێدابووە، کوژراون و بەشی زۆریان ژن و منداڵن.
ئاماری کوژراوانی کەرتی غەززە لە دوای دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بۆ 52 هەزار و 829 کوژراو و 119 هەزار و 554 بریندار بەرزبوەتەوە.
|