ئێران بۆ دانوستانەکەی لەگەڵ ئەمریکا شکستی خۆی راگەیاند
نها نیوز - هەواڵەکان
بەرپرسێکی باڵای ئێران کە ناوی ئاشکرانەکراوە ئاشکرای دەکات، ئەمریكا جدی نییە و تاران خۆی بۆ شكستهێنانی دانوستانەكان ئامادەكردووە، دەشڵێت "ئەم دانوستانانە هەر لە سەرەتاوە وا داڕێژراوە تەڵەیەک بێت بۆ كێشكردنی ناوچەکە بەرەو گرژیی زیاتر".
بەرپرسێکی باڵای ئێران بۆ تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی قسەیکردووە و دەڵێت "ئەمریکا جدی نییە لە دانوستانەکانی لەگەڵ تاران سەبارەت بەرنامەی ئەتۆمیەكەی".
ئاماژەیبەوەشدا، وڵاتەکەی بەكرداريی دەستیکردووە بە ئامادەکاری بۆ سیناریۆی شكستهێنانی دانوستانەكان.
بەرپرسەکە باسی لە هەڵسەنگاندنەکانی ناو ئێران کردووە بەوەی، ئەم دانوستانانە هەر لە سەرەتاوە وا داڕێژراوە بۆ ئەوەی تەڵەیەک بێت بۆ كێشكردنی ناوچەکە بەرەو گرژیی زیاتر.
ئەوەشی وتووە بە تۆڕەکە، کە واشنتۆن تۆمەتبارە بەوەی، "گەمەیەکی سیاسی و میدیایی پەیڕەو دەكات، لە رێی پچڕان و دروستكردنی كەلێنی هەفتانەی بێ پاساو لە رەوتی دانوستانەکاندا.
بەرپرسە ئێرانیەکە جەختیشیکردەوە لەوەی، وڵاتەکەی خوازیاری ئەم شێوازە لە دانوستانی پچڕپچڕ نیە.
هاوکات، لایەنی ئەمریکی ئامادە نییە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆی سیاسی یان تەکنیکی ئامانجدار، وەڵامەکانی واشنتۆن کورت و گشتین، و زۆرجاریش پێشنیازە سەرەکییەکانی ئێران پشتگوێ دەخەن، لەکاتێکدا هەڵوێستی ئەمریکا بەردەوام لە گۆڕاندایە.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لەدواین چاوپێكەوتنی تەلەفیزیۆندا وتی، ئەگەر دانیشتنەكانی رۆژی یەك شەممەی داهاتوو لەگەڵ ئێران بەرهەمدار نەبن، ئەوا ئەمریكا كۆتایی بە دانوستانەكانی دەهێنێت و رێگایەكی تر دەگرێتەبەر.
|