جیهان

ترەمپ هەوڵی گۆرینی ناوی کەنداوی فارس دەدات

نهانیوز-هەواڵەکان

سەرۆکی ئەمریکا، دەیەوێت ناوی کەنداوی فارس بۆ کەنداوی عەرەبی بگۆڕێت، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانش دەڵێت "هیوادارین ئەم هەواڵە تەنیا دەنگۆیەکی پووچەڵ بێت".

ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشەیتدپرێس لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت هەفتەی داهاتوو لە کاتی سەردانەکەی بۆ سعوودیە، ناوی کەنداوی فارس بۆ کەنداوی عەرەبی، یان کەنداوی عەرەبستان بگۆڕێت.

دوای بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی ئێکس بە دوو زمانی فارسی و ئینگلیزی نووسی "گۆڕینی ناوی مێژوویی کەنداوی فارس نیازی دوژمنایەتیی ئێران و خەڵکەکەی دەردەخات و بەتوندی سەرکۆنەی دەکەین".

عێراقچی، ئەو کارە بە بێڕێزیی بە هەموو ئێرانییەک وەسف دەکات و ئاماژە بەوەش دەکات، دڵنیام سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەزانێت کە ناوی کەنداوی فارس سەدان ساڵ مێژووی هەیە ئەو ناوە لەلایەن هەموو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و دانەرانی نەخشە جوگرافییەکانەوە بەفەرمی ناسراوە، بۆیە ئەوە هەنگاوێکی سیاسییە و هیوادارە ئەوە تەنیا دەنگۆیەکی پووچەڵ بێت.

پێشتریش لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتی ترەمپدا، بەکارهێنانی ناوێکی ساختە مشتومڕی لێکەوتەوە و بەرپرسانی ئێرانی وەک حەسەن ڕوحانی و محەمەد جەواد زەریف کاردانەوەیان هەبوو.

 
2025-05-08
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.