جیهان

تورکیا وادەی خۆهەڵوەشانەوەی پەکەکەی راگەیاند

نها نیوز - هەواڵەکان

وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا پەكەكە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، دەشڵێت "بۆمبی دوكەڵاوی جۆراوجۆر دەبینین فرێدەدرێت بۆ پرۆسەكە".

عومەر چەلیک، وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە)، دوای کۆبونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی حزبەكەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "پێشبینی دەکەین لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا پارتی كرێكارانی كوردستان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت".

وتیشی "بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ، بەمەش گرژیی سیاسی لەسەر دیموکراسیەکەمان هەڵدەگیرێت، هەر هەنگاوێکی ئەرێنی هەنگاوێکی تری ئەرێنی بەدوادێت، خاڵی وەرچەرخان ئەوە دەبێت پەکەکە چەک دابماڵێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە بە هەموو لقەكانیەوە".

چیلیك رونیشیکردەوە "دوای ئەوەی سەرۆکەکەمان بانگەوازی بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆی لە پەرلەمان کرد، بەڕێز باخچەلی بانگەوازێکی ستراتیژی و مێژویی راگەیاند، ئامانجی تورکیایەکی دوور لە تیرۆر سیاسەتی کۆماری تورکیایە".

بەوتەی وتەبێژی ئاکەپە بێت، بۆمبی دوکەڵاوی جۆراوجۆر دەبینین فرێدەدرێت دژی پرۆسەکە، ناوبراو دەشڵێت "دەمەوێت جەخت لەوە بكەم  لەسەر ئەم رێگایە بەردەوام دەبین، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری تایبەتمەندییە بنەڕەتیەكانی دەوڵەت بین، بەبێ هیچ دانوستاندنێک یان پرۆسەی دان و وەرگرتنێك".

"لە رۆژانی داهاتوودا دەچینە قۆناغێکی نوێ لەگەڵ خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكەو، بە وردی چاودێری پرۆسەکە دەکەین". عومەر چەلیک وا دەڵێت
 
2025-05-06
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.