نهانیوز-هەواڵەکان
"بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیران رێنمایی سەبارەت بە دۆخی سوریا دەركردووەو گۆڕانكاریی نزیكە" موەفەق تەریف رێبەری رۆحی دروزەكانی ئیسرائیل وا دەڵێ.
وەكو ئاماژەیەك بەو ئەو شەڕەی ئەمڕۆ لەنێوان چەكدارانی (دروز)و هێزەكانی سەربە حكومەتی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەد جۆلانی) لە نزیك دیمەشقی پایتەختی سوریا روویدا، رێبەری دروزەكانی ئیسرائیل داوای لە خەڵكی سەربە تائیفەكەی كرد خۆراگربن و وتی" رێگە بە هیچ كەسێك نادەین زیان بە دروز بگەیەنێت، دەوڵەت و سوپای ئیسرائیل و جیهانیش لەگەڵ ئێمەدان".
ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند" ئەمڕۆ هێرشێكی ئاسمانییان ئەنجامداوە بۆسەر "گروپێكی توندڕەو" لەنزیك دیمەشق بۆ ئەوەی "پەیامێكی توند" بەدەسەڵاتدارانی سوریا بگەیەنن لەبارەی پارێزگاریكردن لە دروزەكان".
ناتانیاهۆ باسی لەوەكرد" ئەو گروپەی بەئامانجگیرا، ئامادەكاریی دەكرد بۆ هێرشكردنەسەر دانیشتوانی دروز لە شارۆچكەی سەحنایا لەدەوروبەری دیمەشق".
شارۆچكەی (سەحنایا) دەكەوێتە دوری نزیكەی 15 كیلۆمەتر لە باشوری خۆرئاوای دیمەشق و لەناوچەی ریفی دیمەشقدا هەڵكەوتووە، دانیشوانەكەی دروزو مەسیحین، لە شەوی سێ شەممەوە تاوەكو ئێستا ئەم شارۆچكەیە پێدادانی چەكداریی بەخۆوە دەبینێت، بەهۆیەوە 11 كەس كوژران.
ئەمە هاوكات بوو لەگەڵ پێكدادانی هاوشێوە لە ناوچەی (جەرمانا)ی نزیك دیمەشق، لەم ناوچەیەش 17 كەس كوژراون، كوژراوەكان 8 كەسیان سەربە هێزی پێكهاتەی دروزو 9 كەسیشیان چەكدارانی سەربە دەسەڵاتی (تەحریر شام) بوون لە دیمەشق.
سەرچاوەی ئەم شەڕە تائیفییە نوێیە لە سوریا تۆمارێكی دەنگیی شێخێكی سەربە پێكهاتەی دروزە كە دەوترێت تێیدا قسە بە پێغەمبەری ئیسلام دەڵێ، هێرشی هێزەكانی سەربە حكومەت لە دیمەشق بۆسەر دروزەكان لەكاتێدایە وەزارەتی بەرگریی سوریا بەفەرمی ئەوەی راگەیاندووە تۆمارە دەنگییەكە دروستكراوەو راست نییە، شێخە دروزییەكەش رەتیكردوەتەوە پەیوەندی بەو تۆمارە دەنگییەوە هەبێت