پەرلەمانتارێکی ئێران: ئیسرائیل دەستی لە تەقینەوەکە دابووە
نهانیوز-هەواڵەکان
هەرچەندە بەرپرسانی باڵای ئێرانی لە ئێستادا ئەگەری تێکدەرانە سەبارەت بە تەقینەوەکەی بەندەر عەباس ڕەت دەکەنەوە، بەڵام پەرلەمانتارێکی ئێران ئاشکرای دەکات کە کۆمەڵێک ئاماژەی ڕوون هەیە کە ئیسرائیل دەستی لە تەقینەوەکەدا هەیە.
لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی هەواڵی (ڕۆکنا ) ئێرانی محەمەد سیراج، ئەندامی پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کردووە کە تەقینەوەکەی بەندەر عەباس کارێکی تێکدەرانەیە و ڕوودانی تەقینەوەکە لە چوار خاڵی جیاواز، بەواتای ئەوە دێت ماددەی تەقینەوە لە ناو کۆنتێنەرەکاندا هەبووە".
ڕاشیگەیاند" بەگشتیی ماددە کیمیاییەکان تەنیا لە یەک خاڵدا ئاگردەگرن و دەبنەهۆی کەوتنەوەی ئەم جۆرە تەقینەوانە. ڕەنگە ئەم کۆنتێینەرانە لە کاتی گواستنەوەدا تەقینەوەیان تێدا دانرابێت، تەنانەت ڕەنگە لەلایەن سیخوڕانی خۆجێییەوە تەقینەوەیان تێدا دانرابێت".
سیراج ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەری ئەوە هەیە ئیسرائیل مانگە دەستکردەکانی بەکارهێنابێت بۆ تەقینەوەکان یان ئامێری تەوقیتکردن کە لە دوورەوە کاریان پێدەکرێت بەکارهێنابێت و وتی" بە تەواوی حیسابی ئەوەیان کردبوو کە کۆنتێینەرەکان زۆرترین زیان لە بەندەرەکە دروست دەکەن. ئاماژەگەلێکی ڕوون هەیە کە ئیسرائیل دەستی لەم کارەدا هەیە".
بە پێی ئامارەکان زیاتر لە 1200 کەس لە تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی لە بەندەر عەباس برینداربوون وتا ئیستا 40 کەس کوژراون و زیانێکی زۆری ماددیشی بە بەندەرەکە گەیشتووە.
|