نهانیوز-هەواڵەکان
رێبەری باڵای ئێران سەبارەت بەرووداوی تەقینەوەکەی بەندەرعەباس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە بەرپرسانی وڵاتە دەکات، لێپرسینەوە لە هەر کەس و لایەنێک بکەن، بەهۆی کەمتەرخەمی یان بەئەنقەست بووبێتنە هۆی تەقینەوەکە.
شەوی یەکشەممە، 27 ی نیسانی 2025، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی رووداوی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە بەندەری رەجایی شاری بەندەرعەباس پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکە دا کە لە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم دا بڵاو کراوەتەوە، عەلی خامنەیی خەمباری و نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و دەڵێت "رووداوە دڵتەزێنەکەی ئاگرکەوتنەوە لە بەندەری شەهید رەجایی خەم و نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێنا."
هەروەها خامنەیی لە درێژەی پەیامەکەی دا داوای لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە دەکات و وتی "بەرپرسانی ئەمنی و دادوەری پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد بکەن و هەر کەمتەرخەمیی و دەستی ئەنقەست ئاشکرا بکەن و بەپێی یاسا لێپرسینەوە بکەن."
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران جەخت لەوەش دەکاتەوە، "پێویستە هەمووکاربەدەستان خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لە پێشگرتن لە رووداوە دڵتەزێن و زیانبەخشەکان."
رۆژی شەممە، 26 ی نیسانی 2025، تەقینەوەیەکی گەورە بەندەری شەهید رەجایی سەر بە شاری بەندەر عەباسی ئێرانی روویدا و لە ئاکامدا بە پێی ئامارەکان تا ئێستا 40 کەس لەتەقینەوەکە گیانیان لەدەستداو زیاتر لە 1200 کەسیش بریندار بوون.