جیهان

خولی سێهەمی دانوستانەکانی تاران و واشنتۆن بە ناکۆکی گەورە کۆتایی هاتووە

نها نیوز – هەواڵەکان

ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی،  لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، گەڕی سیهەمی دانوستانەکانی  نێوان تاران و واشنتۆن کە لە عومان بەڕێوەچوو، بە جیاوازیی تووندی بیڕوڕا کۆتایی هاتوە.

ڕۆژی شەممە، ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی سەبارەت بە گەڕی سێهەمی دانیشتنەکانی واشنتۆن و تاران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوە، لە ڕاپۆرتەکە داهاتووە، دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن کە لە عومان بەڕێوەچوو، بە جیاوازیی تووندی بیڕوڕا و ناکۆکی گەورە سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم کۆتایی هاتوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لایەنی ئەمریکی و ئێرانی ڕۆژی شەممە 26 ی نیسان دەستیان بە دانوستانە ئەتۆمییەکان کردەوە و هەردوولا لەسەر ئەو پرسیارە بنەڕەتییە ناکۆکن کە ئایا تاران دەتوانێت بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم.

لە بەشێکی تری راپۆرتەکە ئاماژە بە لێدوانەکەی مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کراوە کە ئێران دەتوانێت بەرنامەیەکی ئەتۆمی مەدەنی هەبێت، بە مەرجێک سووتەمەنی ئەتۆمی هاوردەکراو بەکاربهێنێت.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لەزاری میدیا کانی ئێرانەوە  نووسیویەتی: "ئێران  پێداگری دەکات بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتیانە ومافی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەیە، ئەمەش وەک بەربەستێکی گەورە لە دانوستانەکاندا دەرکەوتووە کە پرسە ئاڵۆزەکانی دیکەی ئەتۆمی لەخۆدەگرێت".

بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن و کۆتایی هێنان بە ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، تا ئێستا سێ خولی دانوستانی فەرمی لە نێوان هەردوو وڵات ئەنجامدراوە.

2025-04-27
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.