جیهان

ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی بەندەر عەباس لە بەرزبوونەوەدایە

نها نیوز – هەواڵەکان

ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی لە بەندەر عەباس لە باشووری ئێران بۆ 25 کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە 800 کەسیش برینداربوون.

پەیامنێرێکی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران لە شوێنی ڕووداوەکە ڕایگەیاندووە، ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە بەڵام هێشتا نەکوژاوەتەوە و دوکەڵی ڕەشی زۆر لە ناوچەکەوە دێتەدەرەوە.

لای خۆیەوە فاتمە موهاجرانی وتەبێژی حکومەتی ئێران لە پەیامێکدا کە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردۆتەوە پشتڕاستی کردەوە بەشێکی زۆری ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو 20%ەی کە دەمێنێتەوە.

دوێنێ شەممە، تەقینەوەیەکی بەرفراوان بەندەری رەجایی لە شاری بەندەر عەباس لە کەناراوەکانی باشووری ئێران هەژاند و دانیشتوانی ناوچەکانی دەوروبەری هەستیان پێکرد.

تیمەکانی فریاگوزاری و ئامبولانسی ئێران بە مەبەستی چارەسەرکردنی سەدان بریندار و ژماردنی کوژراوەکان لە چەند کاتژمێری یەکەمی دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە.

محەممەد رەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها فەرمانی لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنەی تەقینەوەکەی دەرکرد.

مێهرداد حەسەنزادە، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە پارێزگای هورمزگان ئاشکرای کرد لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن هۆکاری تەقینەوەکە ژمارەیەک کۆنتێنەر بووە کە لە بەندەری ڕەجایی هەڵگیراون. ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئێستادا چۆڵکردنی شوێنەکە و گواستنەوەی بریندارەکان بەردەوامە".

بەندەری رەجەعی یەکێکە لە دوو بەشی گرنگترین بەندەری وڵات، بەندەر عەباس، دەکەوێتە باشووری پارێزگای هورمزگان، لە کەنارەکانی باکووری گەرووی هورمز و رووبەرەکەی نزیکەی 2400 هێکتار دەبێت و ساڵانە توانای 70 ملیۆن تۆن کاڵای هەیە.

2025-04-27
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.