نها نیوز – هەواڵەکان
میدیاکانی ئێران ڕۆژی شەممە بڵاویان کردووەتەوە، ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی لە بەندەر عەباس 500 کوژراو و برینداری تێپەڕاندووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی مێهر، "تەقینەوەیەک ئەمڕۆ شەممە، لە بەندەری شەهید ڕەجایی لە بەندەر عەباس ڕوویدا، چوار کوژراوی لێکەوتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش تا ئێستا 500 کەسی تێپەڕاندووە".
لەو پێوەندییەدا، فاتمە مهاجرانی وتەبێژی حکوومەتی ئێران وتی: "ئەو ڕووداوە بەدبەختەی کە لە بەندەری شەهید ڕەجایی ڕوویدا لە ژێر لێکۆڵینەوەی جددیدایە، هەروەها دامەزراوە بەرپرسەکان بەدواداچوونی پێویست بۆ دیاریکردنی هۆکار و ڕەهەندەکانی ئەم پرسە ئەنجام دەدەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سەرکردەکانی ڕای گشتی دەکەین خۆیان لە قسە و باسەکانی پێشوەختە لەسەر ئەم دۆسیەیە بەدوور بگرن تا ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەوەی تا ئێستا دیاریکراوە ئەوەیە کە ئەو کۆنتێنەرانەی لە گۆشەیەکی بەندەرەکەدا هەڵگیراون، لەوانەیە مادەی کیمیایییان تێدابێت، تەقیوەتەوە. تاوەکو ئاگرەکە بە تەواوی نەکوژێتەوە، ئەستەمە سەرنجێکی ورد و پسپۆڕانە لەسەر هۆکار و سەرچاوەی ڕووداوەکە بدرێت.