نها نیوز - هەواڵەکان
لە بەیاننامەیەکدا سەرۆکی روسیا پەیماننامەی ستراتیژیی کە بۆ ماوەی 20 ساڵ دەخایەنێت لەگەڵ ئێران پەسەند دەكات.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی روسیا، ڤلادیمیر پۆتین سەرۆكی روسیا واژۆی لەسەر یاسایەك كرد بۆ پەسەندكردنی (پەیماننامەی شەراكەتی ستراتیژیی لەگەڵ ئێران). ئەمەش لەکاتێکدایە سەرەتای ئەمساڵ پۆتین لەگەڵ مەسعود پزیشكیان سەرۆكی ئێراندا واژۆیان لەسەر رێككەوتنی ستراتیژیی كرد، رێككەوتنێك كە ماوەیی (20 ساڵ) دەخایەنێت.
هاوکات ئاژانسی (تاس)ی روسیاش دەڵێت "پەیماننامەكە چوارچێوەی یاسایی پەرەپێدانی هاوكاری نێوان مۆسكۆ و تاران بۆ ماوەیەكی دورو درێژ دیاریدەكات".
لەلایەکی دیکەوە پەیماننامەكە، روسیا و ئێران وەكو دوو هاوبەشی ستراتیژیی دەناسێنێت؛ كە هاوبەشییەكەیان هەموو بوارەكان دەگرێتەوە لەوانە بوارەكانی (بەرگریی، روبەڕووبونەوەی تیرۆر، وزە، دارایی، گواستنەوە، پیشەسازیی، كشتوكاڵ، زانست و رۆشنبیری و تەكنەلۆژیا).
هەروەها پەسەندكردنی رێككەوتنە ستراتیژییەكە لەلایەن پۆتینەوە لەكاتێكی زۆر هەستیاردایە سەبارەت بە ئێران، كاتێك كە تێیدا تاران چووەتە ناو دانوستانێكی نوێوە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی.
لایخۆشییەوە رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانیی ئاشکرایکردووە "روسیا رەنگە رۆڵ بگێڕێت لەوەی ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئەمریكا بگاتە رێككەوتن،
ئەمەش لەدوو رێگاوە:
رێگای یەكەم: روسیا كە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ئێران هەیە، رەنگە ببێت بەو وڵاتەی یۆرانیۆمی زیادە پیتێنراوی ئێرانی رەوانەی بكرێت، ئەگەر هاتوو تاران قایل بوو بەوەی یەدەگی یۆرانیۆمە پیتێنراوەكەی بگوازێتەوە بۆ وڵاتێكی تر، ئەمەش وەكو گەرەنتییەك بۆ ئەوەی ئەو یەدەگە لە چالاكی سەربازیدا بەكارناهێنێت؛ ئەمە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا كە بەهۆیەوە سزاكان لەسەری هەڵبگیرێت.
رێگای دووەم: مۆسكۆ بكرێت بە نێوەندگیر بۆ حاڵەتی پێشێلكردنی رێككەوتنەكە، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریكاوە ئەم ئەركەی پێ بسپێردرێت.
