جیهان

گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئێران وئەمریکا بەڕێوەدەچێت

نهانیوز-هەواڵەکان

ئەمڕۆ شەممە، گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بە نێوەندگیری عومان بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 19ی نیسانی 2025 دووهەمین خولی دانوستانەی نێوان ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران کاتژمێر 12:30  لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا دەستپێبکەنەوە.

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکاف، نوێنەری ئەمریکا، ئەم دانوستانانە لە ڕۆما بە نێوەندگیری عومان بەڕێوە دەبەن.

لە کاتێکدا بەرپرسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە کۆماری ئیسلامی جەختیان لەسەر دانوستانەکانی ناراستەوخۆ کردووەتەوە، عەباس عەراقچی هەفتەی ڕابردوو دوای کۆتایی هاتنی وتووێژەکان ڕایگەیاند "کە لە کۆبوونەوەی عومان ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەری ئەمریکا کۆبووەتەوە و قسەی کردووە."

ئەم دانوستانە کە هەفتەی ڕابردوو خولی یەکەمی ئەنجام درا، یەکەم دانوستانە لەسەر بەرزترین ئاست لەدوای کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی مێژوویی لە ساڵی ٢٠١٨.

وڵاتانی ڕۆژئاوایی، لەوانەش ئەمریکا، لەمێژە ئێران بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکەن، ئەو تۆمەتە تاران بەردەوام ڕەتیدەکاتەوە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنها بۆ مەبەستی ئاشتیانەی مەدەنییە.

دوای گەڕانەوەی ترەمپ، بۆ سەر دەسەڵات لە مانگی یەکدا، ناوبراو هەڵمەتی "زۆرترین فشار"ی دژی ئێران دەستپێکردەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە وتی" من هیچ پەلەیەکم نییە بۆ بەکارهێنانی بژاردەی سەربازی. "پێموایە ئێران دەیەوێت قسە بکات".

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند"پەیامی دژبەیەک " لە ئەمریکاوە دەبیستین.


7کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.