ئێران چەند وتەیەکی کەمەر شکێن ئاراستەی ئەمریکا دەکات
نها نیوز - هەواڵەکان
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە مۆسكۆ رایدەگەیەنێت "هەر قسە یان مەرجێكی ناواقعی لەلایەن ئەمریكاوە دەرفەتی گەیشتن بە رێككەوتن كەمدەكاتەوە".
هاوشانی عێراقچی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە دەڵێت "پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێران گەیشتوەتە قۆناغێك، كە گونجاوە لەگەڵ هاوبەشی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات".
دەقی لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران:
ـ نامەی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامیم رادەستی سەرۆكی روسیا كرد سەبارەت بە پرسە ناوچەییەكان و پەیوەندییە دووقۆڵییەكان.
ـ نامەكەی رابەر بۆ سەرۆك پۆتین ئاماژەیە بۆ هەموو جیهان كە ئێران؛ سوریا بە هاوبەشێكی ستراتیژیی گرنگی خۆی دادەنێت.
ـ رێككەوتنی گشتگیر بۆ هاوكاریی ستراتیژیی لەگەڵ روسیا هاوكارییەكی درێژمەودا لە هەموو بوارە گرنگەكاندا بۆ هەردوو وڵات بەدی دەهێنێت.
ـ سبەینێ دەچم بۆ رۆما بەمەبەستی دەستپێكردنی گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆكان لەگەڵ ئەمریكا.
ـ رۆما میوانداریی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریكای نەكردووە، تەنیا شوێنی سازدانی كۆبونەوەكانە.
ـ بەرپرسارێتیی نێوەندگیریی و ئەنجامدانی پەیوەندیی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا هەر لای عومان دەمێنێتەوە.
ـ گومانمان لە نیازی ئەمریكا هەیە، بەڵام سەرباری ئەوەش بەردەوامین لە دانوستان لەپێناو گەیشتن بە رێككەوتن.
ـ سبەینێ گوێمان لە وەڵامی لایەنی ئەمریكیی دەبێت؛ هەر قسەیەكی ناواقعی لەلایەن ئەوانەوە دەرفەتی گەیشتن بە رێككەوتن كەمدەكاتەوە.
ـ هەر مەرجێكی ناواقعی لەلایەنی ئەمریكییەوە یارمەتی گەیشتن بە رێككەوتن نادات.
ـ ئومێدەوارین روسیا رۆڵ بگێڕێت لە ئەگەری گەیشتن بە رێككەوتن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران.
ـ ئیدانەی هێرشی ئەمریكا دەكەین بۆسەر بەندەری (رأس عيسى) لە حودەیدەی یەكەن، كە دەیان قوربانی لێكەوتوەتەوە.
ئەمەش دەقی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا:
ـ پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێران گەیشتوەتە قۆناغێك، كە گونجاوە لەگەڵ هاوبەشی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات.
ـ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئێران گەیشتوەتە تێكڕای 13%.
ـ پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێران بەشێوەیەكی گەورە دەچنە پێشەوە، ئاڕاستەیەك هەیە بۆ پەلەكردن لە واژۆکردنی چەندین رێككەوتنی هاوبەش.
ـ پەرلەمانی ئێران بەمزوانە رێككەوتنی گشتگیریی ستراتیژی لەگەڵ روسیا پەسەند دەكات.
ـ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆمان كرد لەبارەی روبەڕووبونەوەی كردەوە تاكلایەنە وێرانكەرەكانی تایبەت بە سزاكان.
ـ باسمان لە پەرەسەندنەكانی دۆخی فەلەستین و سوریا كرد.
ـ ئێران ئامادەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی و خستنەڕووی هەر دۆسیەیەكی تر لەلایەن ئەمریكاوە كاروبارەكان ئاڵۆز دەكات.
ـ ئامادەین رۆڵی نێوەندگیر بگێڕین لە دانوستانی نێوان واشنتۆن و تاران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكە.
|