وەزیری دەرەوەی تورکیا: ئەردۆغان بەنیازە سەردانی سووریا بکات
نها نیوز – هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی تورکیا نیازی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیای بۆ سەردانی سووریا ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە کار بۆ ئامادەکردنی مەرجە گونجاوەکان و دیاریکردنی وادەیەک لە ئارادایە.
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆتایی کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتالیا ڕایگەیاند، تێڕوانینی تورکیا سەبارەت بە سووریا ڕوونە و لەسەر بنەمای پێویستی بەدیهێنانی سەقامگیری لەوێیە. جەختیشی لەوە کردەوە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا سەقامگیری سووریا تێکدەدەن و دەبێت بە تەواوی ڕێز لە سەروەری خاکی سووریا بگیرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنقەرە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لە غەززە بگەنە ئاگربەست و ڕێگری لە ئیسرائیل بکات کۆمەڵکوژی بەکۆمەڵ دژی خەڵکی سڤیل ئەنجام بدات.
سەبارەت بە ئەگەری دیدارێکی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فیدان ڕوونیکردەوە، ئامادەکاری بەردەوامە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە یان لە ئەمریکا یان لە تورکیا ئەنجام بدرێت.
کۆڕبەندەکە بە پاڵپشتی ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەڕێوەدەچێت و لەلایەن وەزارەتی دەرەوە لە ناوەندێکی کۆنفڕانس لە ناحیەی بێلەک سەر بە پارێزگای ئەنتاڵیا لە باشووری تورکیا ڕێکدەخرێت.
|