جیهان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە وێرانکرد

نها نیوز – هەواڵەکان

سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە هێرشێکی ئاسمانیدا بەشی نەشتەرگەری و کارگەی ئۆکسجینی نەخۆشخانەی مەعمەدان (ئەهلی) لە ناوەڕاستی شاری غەززەی بۆردومان کردووە و بەگوێرەی شایەتحاڵان و سەرچاوە پزیشکییەکان و بەرپرسانی حکومەتی خۆجێی، بەشێکی زۆری دامەزراوەکەیان لەناوبردووە.

شایەتحاڵان و سەرچاوە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەکە ڕایانگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل "بەشی نەشتەرگەری و بەشی بەرهەمهێنانی ئۆکسجینی لە نەخۆشخانەی مەعمەدان کردۆتە ئامانج و بەشێکی زۆری لەناوبردووە".

بەرپرسانی پزیشکی نەخۆشخانەکە ڕایانگەیاندووە، هەڵمەتەکە زیانی ماددی بەرفراوان بە باڵەخانەکانی تری نەخۆشخانەکان گەیاندووە، کە نەخۆش و بریندار و ئاوارەکانی تێدابووە.

مونیر ئەلبەرش، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە وتی: "دۆخی ئێستا کارەساتبار و وەسف ناکرێت. "ئێمە لەگەڵ برینداران و نەخۆشەکان لە شەقامەکانداین. بۆردومانەکە نەوەستاوە، هەڵمەتەکان بەردەوامن".

 ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵێکی بریندار کە گواستراوەتەوە بۆ سەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە دواتر بەهۆی جوڵە و توندی ئازارەکە گیانی لەدەستداوە.

نەخۆشخانەی باپتیست یەکێکە لە کۆنترین دامەزراوە پزیشکییەکانی کەرتی غەززە، هەروەها خزمەتگوزاری نەشتەرگەری پێشکەش بە دانیشتوانی شاری غەززە و ناوچەکانی باکوور دەکات.

ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدایە کەرتی تەندروستی غەززە بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل و کەمیی توندی کەرەستەی پزیشکی و سووتەمەنی ڕووبەڕووی داڕمانی نزیک دەبێتەوە.

بەپێی داتا فەرمییەکان، لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا 34 نەخۆشخانە لە خزمەتگوزاری دەرچوون.

لە دوایین ژمارەی کوژراوان، وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل کوژراون گەیشتووەتە 50 هەزار و 933 کەس، هاوکات ژمارەی بریندارانیش لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە گەیشتووەتە 116 هەزار و 45 کەس.

2025-04-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.