تاران عێراق دەگلێنێت و بۆ یەکەمجار موشەکێکی مەترسیدار دەدات بە ملیشیاکانی لە بەغدا
نها نیوز - هەواڵەکان
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، سوپای پاسدارانی ئێران بۆ یەکەمجار موشەکی دوور مەودا بۆ میلیشیاکانی هاوپەیمانی تاران لە عێراق گواستووەتەوە، کە ئەمەش نیشانەی مەترسییە بۆ گرژی نێوان تاران و ئەمریکا.
بەپێی بڵاوکراوەیەکی رۆژنامەی تایمزی بەریتانی، سوپای پاسدارانی ئێران بۆ یەکەمجار موشەکی دوور مەودا بۆ میلیشیاکانی هاوپەیمانی تاران لە عێراق گواستووەتەوە، لە هەنگاوێکدا کە ئاماژە بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار دەکات لەچوارچێوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا.
ئەوەش هاتووە، پرۆسەی گواستنەوەکە هەفتەی رابردوو بەهەماهەنگی راستەوخۆی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران ئەنجامدراوە، لە فەرامۆشكردنێكی ئاشكرای هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە هەڕەشەی "باجێکی قورس"ی لە تاران کردووە بۆ چالاکی میلیشیاکانی.
تایمز رونیشی کردووەتەوە، ئێران هەر بە گواستنەوەی موشەکی بالیستی کورت مەودای وەک قودس (351) و جەمال (69) نەوەستاوە، بەڵکو جۆری نوێی موشەکی دوور مەودای رادەستی میلیشیاكانی عێراق كردووە، كە پێشتر بەردەست نەبوون، ئەوەش وادەكات ناوچە دوورەکان بکەنە ئامانج و ئەگەری هەیە ئەوروپاش بگرێتەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە "ئەم هەنگاوە، رەنگدانەوەی مانۆرێکی نائومێدانەی ئێرانە، کە مەترسی لەسەر سەقامگیری عێراق و ناوچەکە دروست دەکات".
هەربەپێی تایمزی بەریتانی، تاران هەوڵدەدات نەخشەی هەژموونی لەرێگەی گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانیەوە لە ناوچەکەدا دووبارە دابڕێژێتەوە".
ئەوەش لەکاتێکدایە، راپۆرتە عێراقییەکان کە لەلایەن رۆیتەرزەوە بڵاوكرایەوە، ئاماژەیان بەوەکرد، بەشێک لە میلیشیاکانی سەربە ئێران ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ داماڵینی چەک، لەپێناو دوورکەوتنەوە لە روبەڕوبونەوەی راستەوخۆی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام گواستنەوەی ئەو چەکە پێشکەوتووانە پێچەوانەی ئەم لێدوانانەیە و گومان دەخاتەسەر مەبەستەكانی ئێران.
|