ئەمریکا بۆ سووریا: حکومەتەکەتان لای ئێمە دانی پێدا نەنراوە
نها نیوز – هەواڵەکان
وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕێکارەکانی هەموارکردنەوەی دۆخی یاسایی نوێنەرایەتی سووریا لە نیویۆرک بە "ڕێکارێکی تەکنیکی و ئیداری" وەسف کرد.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "پابەندبوونی خۆمان بۆ بەردەوامیدان بە کاری دیپلۆماسی و هەماهەنگی لە چوارچێوەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە خواستەکانی گەلی سووریا دووپات دەکەینەوە، لە ئێستادا کار لەسەر پێداچوونەوەی هەمەلایەنە دەکەین بە دۆخی نوێنەرایەتیەکانمان لە دەرەوەی وڵات".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەم زووانە بڕیاری جددی سەبارەت بە نوێنەرایەتییەکانی لە دەرەوەی وڵات ڕادەگەیەنێت، سەبارەت بە ڕێکخستنەوە و داڕشتنەوەیانەوە"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "رێکارەکانی پەیوەست بە هەموارکردنەوەی دۆخی یاسایی نوێنەرایەتی سووریا لە نیویۆرک ڕێکارێکی تەکنیکی و ئیدارییە، و ڕەنگدانەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێست بەرامبەر حکومەتی نوێی سووریادا نییە".
ئەوەش لە کاتێکدایە، واشنتۆن یاداشتێکی پێشکەش بە نوێنەرایەتی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە پێگەی یاسایی خۆی لە نوێنەرایەتی هەمیشەیی وڵاتێکی ئەندامەوە دەگۆڕێت بۆ "ئەرکی حکومەتێک کە لەلایەن ئەمریکاوە دانپێدانانی پێنەکراوە".
|