سوپای ئیسرائیل پلانی هێرشکردن بۆسەر ئێران دادەڕێژێت
نهانیوز-هەواڵەکان
ململانێی نێوان ئیسرائیل وئێران گەیشتووتە لووتکە و میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردوەتەوە کە سوپای ئیسرائیل خەریکی ئامادەکاری بۆ هێرشکردن بۆسەر ئێرانە ولای خۆشییەوە رێبەری باڵای ئێران هێزەکانی خستووەتە ئامادەباشی تەواوەوە.
میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە" لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی چالاکانە بەرەو گەیشتن بە توانای ئەتۆمی هەنگاو دەنێت، سوپای ئیسرائیل ستراتیژی هێرشکردن دادەڕێژێت، هەروەها ئیدارەی ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەنگە بژاردەیەکی سەربازی بۆ ڕاگرتنی بەرنامەکانی ئێران بەکاربهێنێت".
میدیاکانی ئیسرائیلییەکان باس لە ئامادەکارییەکانی ئەو وڵاتە دەکەن بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران، بنیامین ناتانیاهۆ گەشتێکی بۆ واشنتۆن کردووە و بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە.
لە راپۆرتێکدا ئاکسیۆس ئاشکرای دەکات کە جگە لە پرسی گومرگی، گفتوگۆ سەبارەت بە ئێران و شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماسیش لە کارنامەی کۆبوونەوەکەیاندایە.
لای خۆشییەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە ڕایگەیاندووە" عەلی خامنەیی فەرمانی بە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کردووە کە ئامادەباشی تەواو بکەن لە پێشبینی هەر کردەوەیەکی سەربازی دژ بە ئێران". (ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە پەرەدەستێنن)
|