جیهان

پلانى هێرشێكى قورسى ئێران بۆسه‌ر ئیسرائیل ئاشكراده‌كرێت

نها نیوز - هەواڵەکان

سەرچاوەیەکی باڵای سوپای ئێران ئاشکرای دەکات، لەدژی هەر هێرشێکی ئیسرائیل ئێران پلانی هەیە لەیەککاتدا 1000 موشەکی هایپەرسۆنیک ئاڕاستەی وڵاتەکە بکات.

سەرچاوەیەکی باڵای سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای ئێران رایگەیاندووە "ئێران خۆی بۆ حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشیی ئامادەکردووە و ئامادەیە بۆ ئەوەی وەڵامێکی دەستبەجێی هەر هێرشێک بداتەوە کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بکرێتەسەری".

هەر لەوبارەیەوە، رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەکاریی دەکەن بۆ هەڵدانی زیاتر لە هەزار موشەکی بالیستیکی هایپەرسۆنیک بەرەو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل، لەوانەش ڕیاکتۆری دیمۆنا، هەروەک ئامانجە ستراتیژییەکانی دیکە لەناوەڕاستی وڵاتەکە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا.

سەرەڕای ئەم لێدوانانە، بەشێک لەشارەزایانی سەربازیی بەلەبەرچاوگرتنی ئەو تەکنۆلۆژیایە پێشکەوتوانەی کە لەپاڵنەر و کۆنترۆڵ ‌و کەرەستەی بەرگریی لەپلەی گەرمی بەرزدا پێویستن، گومانیان لەپێشکەوتنی بەرنامەی موشەکیی ئێران بەو ئەندازەیە دەردەبڕن.

لەلایەکی دیکەشەوە ژمارەیەک لەشرۆڤەکاران پێیانوایە، ئەوەی ئێران پێشکەشیکردووە، رەنگە هاوتای ئەو موشەکە پێشکەوتوانەی هایپەرسۆنیک نەبێت کەلە روسیا یان چین بەردەستن، بەڵام رەنگە نزیکتر بێت لە مووشەکی بالیستیکی پێشکەوتوو کە توانای مانۆڕکردنی سنورداریان هەیە.

جێی ئاماژەیە، لەساڵانی رابردوودا ئێران پەرەپێدانی موشەکی هایپەرسۆنیکی راگەیاند، دیارترینیان موشەکی فاتح 2 بوو، کە بانگەشەی ئەوە دەکات، توانای تێپەڕاندنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی مۆدێرن ‌و مانۆڕکردنی هەیە بەخێرایی زیاتر لەماخ 5 (زیاتر لەپێنج هێندەی خێرایی دەنگ).
22کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.